حکوومەت رێکارێک بەرامبەر فەرمانبەرانی زیادە و بندیوار دەگرێتە بەر

 حکوومەت رێکارێک بەرامبەر فەرمانبەرانی زیادە و بندیوار دەگرێتە بەر
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کووردستان ، لە ماوەی داھاتوودا لیژنەیەک بۆ دابەشکردن و رێکخستنەوەی فەرمانبەران پێک دەھێندرێت.



پاش کارەکانی لیژنەکە، بەرێوەبەرایەتییەکی تایبەت بۆ میلاکی فەرمانبەرانی حکوومەت پێک دەھێندرێت، ھەر فەرمانگەیەک فەرمانبەری لێ زیاد بێت دەخرێتە سەر ئەو بەرێوەبەرایەتییە نوێیە، پاشان بۆ فەرمانگە و وەزارەتی تر دەگوازرێتەوە.



سەرچاوەیەک ئەوەی راگەیاند، فەرمانبەرێکی زۆری زیادە لە حکوومەت ھەیە و لە تۆماری بایۆمەتری ئەوە زیاتر دەرکەوتووە، دوای تەواوبوونی بایۆمەتری لە رێگەی بەرێوەبەرایەتیی میلاکی فەرمانبەران، ئەو فەرمانبەرە زیادانە چارەنووسیان یەکلایی دەکرێتەوە.



روونی کردەوە، بەھۆی زیادیی ژمارەی فەرمانبەران، ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر بندیوارن و دەوام ناکەن.



بەپێی داتاکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٣٠٥ ھەزار مووچەخۆری ھەیە، لەو ژمارەیە ٧٠٠ ھەزاریان فەرمانبەری دامودەزگاکانن.



سەمیر ھەورامی، گوتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە بە(باس)ی راگەیاند، یەکێک لە قۆناخەکانی دوای بایۆمەتری ئەوەیە میلاکات دووبارە رێک بخرێتەوە و فەرمانبەران دابەش بکرێنەوە، گوتی: ”بڕیار وایە لەدوای تەواوبوونی بایۆمەتری، بەڕێوەبەرایەتییەک بکرێتەوە تایبەت بە رێکخستنەوەی میلاکاتی حکوومەت، تا ئەو دامودەزگایەی فەرمانبەری کەمە لە شوێنی زیادە فەرمانبەری بۆ بگوازرێتەوە“.



روونیشی کردەوە: ”ناتواندرێت فەرمانبەر لەسەر وەزیفەی لابدرێت و مووچەی لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام دەتواندرێت میلاکات رێک بخرێتەوە، ئەوەی زیادە بخرێتە شوێن و فەرمانگەی تر“.



تا ئێستا یەک ملیۆن و ٢٠٢ ھەزار مووچەخۆر لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە تۆمار کراون.



یوسف عوسمان، سەرۆکی یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لەگەڵ رێکخستنەوەی میلاکاتی حکوومەتدان، بەڵام دژی نانبڕاوکردنی فەرمانبەرانن، گوتی: ”ئەگەر وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی بەدواداچوونیان نەبێت، ناتوانن بندیوار ئاشکرا بکەن، پێویستە بە سیستەمێکی رێکوپێک بندیوارەکان و دوومووچەیی ئاشکرا بکرێن و پەنجەمۆریش لە سەرجەم فەرمانگەکان دابندرێت، ئەوەی ناوی نەبێت و مووچەی ھەبێت بە بندیوار ئەژمار دەکرێت و دەبێت مووچەکەی رابگیرێت“.



سەرۆکی یەکێتیی فەرمانبەران ئەوەی دووپات کردەوە، لەگەڵ ئەوەی قەیرانی داراییش ھەیە، بەڵام تا ئێستا حکوومەت ھیچ فەرمانبەرێکی دەرنەکردووە و نەی ناردووەتەوە ماڵەوە.



ئاشکرای کرد، سێ ئاماری فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە: "یەکیان پێنج سەد و ٥٧ ھەزار فەرمانبەرە، یەکێکی تر شەش سەد و ٨٢ ھەزارە، یەکێکی تریش شەش سەد و ٧٢ ھەزار فەرمانبەرە".






باسنیوز
Top