سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە: ئەمریکا و وڵاتانی عەرەب قەناعەتیان بە دروستبوونی ھەرێمێک بۆ ئێمە ھەیە

 سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە: ئەمریکا و وڵاتانی عەرەب قەناعەتیان بە دروستبوونی ھەرێمێک بۆ ئێمە ھەیە
ناجح ئەلمیزان، سەرکردەی عەرەبی سوننە و ئەمینداری گشتیی کۆنگرەی دامەزراندنی ھەرێمی سەڵاحەدین، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، باسی پێکھێنانی ھەرێمی سوننە و پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەخاتە ڕوو، ئاشکرای دەکات، ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی چۆن پشتیوانییان لێ دەکەن.



سەرەتا ئاماژەی بە بەشێک لە پارێزگا سوننییەکان کرد کە دەمێکە پڕۆژەی بە ھەرێمبوونیان ھەیە، گوتی: ”پارێزگاکانی خۆرئاوای عێراق کە زۆربەیان پارێزگای سوننین، لە ساڵی ٢٠١١ دەنگ درا پارێزگای سەڵاحەدین بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ و ئیمزا کۆ کرایەوە و لە ئەنجومەن ٢٦ کەس دەنگیان بۆ دا، دوای ئەوە دوو ھەزار و ٣٣ ئیمزامان کۆ کردەوە و داواکاری و بەڵگەکانمان دایە کۆمسیۆن“.



ئەو گوتیشی: ”لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سێ بەشی ئەندامانی ئەنجومەن دەنگیان دا دیالە بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ و ئێستاش دواکارییەکە ماوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ داوای کرد بکرێتـە ھەرێم، بەڵام ئەو داواکارییانە لە لایەن حکوومەتی ناوەندی راگیراون و کاریان بۆ ناکرێت“.



جەختیشی کردەوە، بەپێی دەستوور و یاسای ژمارە ١٣، ھەموو رێکارەکانی بەھەرێمبوونی ئەو پارێزگایانە ئەنجام دراوە و داواکارییەکی جەماوەرییشە، بەڵام حکوومەتی ناوەندی ئاستەنگی بۆ دروست دەکات، گوتیشی: ”نووری مالیکی، گەورەترین پێشێلی دەستووریی کرد کاتێک ئامادە نەبوو داوای بەھەرێمبوونی ئەو پارێزگا سوننییانە بداتە کۆمسیۆن، بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بەھەرێمبوون“.



ناجح ئەلمیزان، سوورە لەسەر ئەوەی کە بە چەند پارێزگایەکی سوننی ھەرێمێکی سەربەخۆ پێک بھێندرێت، دەشڵێت: ”لەگەڵ ئەوەدا نین ھەر پارێزگایەک ھەرێمێک بێت، چونکە کێشەی زۆری دەبێت، بەڵام دەکرێت بە چەند پارێزگایەک ھەرێمێک پێک بھێندرێت، بۆ نموونە دیالە و سەڵاحەدین و مووسڵ داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ بەھەرێمبوون، دەکرێت دواتر ھەر ھەرێمێک داواکاری پێشکەش بکات بۆ ئەوەی بخرێتە چوارچێوەی ھەرێمێکی تر“.



ئەو سەرکردەیەی عەربی سوننە پێی وایە، ستەم و زۆردارییەکانی حکوومەتی ناوەندی ھۆکارە بۆ ئەوەی سوننەکان داوای ھەرێم بکەن، گوتیشی: ”لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا حکوومەتی ناوەندی ستەم لە عەرەبی سوننە دەکات و یاریی بە چارەنووسی پارێزگاکان دەکرێت، بۆ نموونە مالیکی خیانەتی لەگەڵ پارێزگاکانی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین کرد، کاتێک رادەستی داعشی کردن، ئەگەر حکوومەتێک خیانەت لەگەڵ گەلەکەی بکات، ئەوە مافی ئەوەی نییە حوکم بەسەر خەڵکەکەیدا بکات“.



ئەلمیزان جەخت دەکاتەوە، بەراورد بە پێشوو، ئێستا ھۆکارەکان زیاتر بوونە بۆ ئەوەی پارێزگاکان داوای بەھەرێمبوون بکەن، گوتیشی: ”ھاووڵاتییان بە زۆر دەردەکرێن و موڵک و ماڵیان لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی تاڵان دەکرێت، ھیچ خزمەتگوزارییەک نییە و ناوچەکان وێران بوونە، بۆیە ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ پێش ھاتنی داعش، دەبێ عێراق بکرێتە فیدڕاڵی یان کۆنفیدراڵی، کە ئێستا خواستی لەسەرە“.



سەبارەت بەوەی کێ پشتیوانییان دەکات بۆ ئەوەی ھەرێمێکی سوننە لە عێراق ھەبێت، ئەو سەرکردەیەی سوننە دەیگوت: ”لە دامەزراوە بڕیاربەدەستەکانی ئەمەریکا ئەو قەناعەتە دروست بووە کە ناکرێت پێکەوەژیان لە عێراق بگەڕێتەوە پێش ھاتنی داعش، بۆیە ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدان ھەرێمی سوننە ھەبێت و پارێزگاکان خۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن“.



سەبارەت بە پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی گوتی: ”وڵاتانی عەرەبیش قەناعەتی تەواویان ھەیە کە پارێزگاکان بکرێنە ھەرێم، چەند وڵاتێکی عەرەبی و کەنداو رەزامەندییان بە ئێمە داوە، بەڵام لەبەر ھۆکاری دیبلۆماسی ناتوانین ناوی وڵاتەکان ئاشکرا بکەین“.



ناجح ئەلمیزان، پشتیوانیی خۆی لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان دەربڕی و گوتی: ”ئێمە بە دوو جۆر دەست بەسەر ئیرادەماندا گیراوە، بۆیە ئێمە رێز لە بڕیاری گەلی کوردستان دەگرین، کە لە ریفراندۆمدا دەوڵەتی سەربەخۆیان ھەڵبژاردووە، تازە گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و کۆتایی ھاتووە، نابێت بەغدا لەوە زیاتر پاساو بھێتێتەوە“.



لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی راگەیاند: "لە نێوەندەکانی عەرەبی سوننەدا ئەوەش ھاتووەتە کایەوە، کە دەبێت سوننە بچێتە پاڵ دەوڵەتی کوردستان، ئێستا مەڕجەعەکانی سوننەش ئەو بۆچوونەیان لا دروست بووە و پێشوازیی جەماوەرییشی لێ دەکرێت، بە تایبەت لە لایەنی ئەو کەسانەی کە ستەمیان لێ کراوە لە لایەن تاییفییەکانی بەغدا و میلیشیاکانیان“.



میزان ئاشکرای دەکات: "ئەگەر ھەڵبژاردنێکی ئازاد ھەبێت ئەوا لە تەواوی عێراق ٤٠%ی عەرەبی سوننە دەنگ بەوە دەدەن لەگەڵ دەوڵەتی کووردستاندا بژین، ٦٠%یش لەگەڵ ئەوەدان ھەرێمی سەربەخۆیان ھەبێت، بۆیە بە ھەر جۆرێک بێت ئێستا سوننە دەسەڵاتی بەغدا و میلیشیاکان و دەستوەردانی ئێرانی رەت دەکەنەوە“.



ئەو سەرکردەیەی سوننە چەند ئامارێک لەبارەی عەرەبی سوننەی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ”یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عەرەبی سوننەی عێراق لەدەرەوەی وڵاتن، یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزاریشیان وەکوو ئاوارە یان نیشتەجێ لە کوردستاندا دەژین، ئەوانەشی لە ناوچەکانی خۆیانن لە ناڕەحەتیدا دەژین و لە لایەن میلیشیاکانەوە دەچەوسێندرێنەوە و لە زۆر شوێنیش دەرکراون“.



ئەمینداری گشتیی کۆنگرەی دامەزراندنی ھەرێمی سەڵاحەدین، رەتی بڕیارەکانی ئابڵوقەکانی بەغدا لەسەر کوردستان دەکاتەوە و پێی وایە: "عێراق بۆ ئابڵوقەدانی کوردستان پشتی بە وڵاتان بەستووە، ئەوەش دوو مانای وایە، یان بەغدا پێی وایە کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، یان ئەگەر باوەڕیان وایە گەلی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئەوە بەم جۆرە خیانەتیان لێی کردووە“.



باسنيوز
Top