خانووه‌كه‌ى ماڵی شەهید كاوه گه‌رمیانی ڕووخێنرا
كاوه ئه‌حمه‌د ناسراو به (كاوه گه‌رمیانى)، ڕۆژنامهنووسێكى دیارى گه‌رمیان بوو، شه‌وى پێنجشه‌مه 5 كانوونى یه‌كه‌می 2013، له‌نێو ماڵى باوكى و له ئامێزى دایكی‌دا، له گه‌ڕه‌كى سه‌ركه‌وتنى شارى كه‌لار تیرۆر كرا، هه‌فته‌یه‌ك دوای تیرۆركردنى، ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس له مه‌راسیمى ههفتانەیدا به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان دا كه ئه‌و خانووه‌ى کاوە تێیدا ژیاوه بكڕن و بیكه‌ن به مۆزه‌خانه.
شیرین ئه‌مین، هاوسه‌رى رۆژنامه‌نووسی تیرۆركرا‌و كاوه گه‌رمیانى، له لێدوانێكى پێشتریدا بۆ (باس) گوتبووى: "دوای تیرۆركردنى كاوه گه‌رمیانى، ڕۆژنامه‌نووسان به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان دا ئه‌و خانووه‌ى من و كاوه تێیدا ژیاوین بكڕن و بیكه‌ن به مۆزه‌خانه و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته ڕۆژنامهوانییهكانى کاوەى تێدا بپارێزرێت، له‌گه‌ڵ كه‌ره‌سته‌ى رۆژنامه‌وانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ش كه له لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه به‌ڵێنه‌كه‌یان به‌جێ نه‌هێنا".
هه‌روه‌ها گوتى: "له‌دوای تیرۆركردنى كاوه، ئێمه تا 18 مانگ كرێی خانووه‌كه‌مان دابین ده‌كرد، كه بڕه‌كه‌ى 140 هه‌زار دینار بووه و ده‌ستكاریی هیچ شتێكمان تێدا نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو خۆى بمێنێته‌وه، به‌ڵام له‌وه زیاتر نه‌مانتوانى كه‌ره‌سته و كه‌لوپه‌له‌كان له‌و خانووه‌دا بهێڵێنه‌وه، چونكه ترسمان هه‌بوو له‌ناو بچن، به‌تایبه‌ت ئه‌رشیفى كاره ڕۆژنامهوانییهكانى كه له شوێنێكدا بوو به‌رده‌وام بارانى به‌سه‌ره‌وه بووه و دڵۆپه‌ى ده‌كرد".
ئێستا ژوورێكى ماڵى دایكى كاوه گه‌رمیانى، هاوشێوه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌ك كه‌ره‌سته و كه‌لوپه‌له ڕۆژنامهوانییهكانى كوڕەکەی تێدا نمایش كراوه و ساڵانه له ساته‌وه‌ختى تیرۆركردنهكهیدا به ڕووى میوان و سهردانكهرانیدا ده‌كرێته‌وه.
هاوسه‌رى كاوه گه‌رمیانى، له ساته‌وه‌ختى بانگه‌وازى فرۆشتنى خانووه‌كه‌دا به (باس)ى ڕاگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ى له خانووه‌كه ده‌رچووین، خاوه‌نه‌كه‌ى له‌سه‌رى نووسیوه بۆ فرۆشتن، كرێچییهكى دیكه‌ى تێدابوو، بۆیه كه هه‌میشه ده‌مانبینى ده‌رگاى ئه‌و خانووه ده‌كرێته‌وه، چاوه‌ڕێى هاتنه ده‌ره‌وه‌ى كاوه بووین، ئه‌وه‌ش زۆر ئازارى ده‌داین، بۆیه به‌ناچارى له‌و خانووه‌ش ده‌رچووین كه هى ماڵى دایكى كاوه گه‌رمیانى بوو، چونكه نه‌مانده‌توانى ڕۆژانه شاهێدیى بینینى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى ئه‌و خانووه بین و كاوه‌ش نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه".
شیرین، دوو ساڵ پێش ئێستا خه‌مى ئه‌وه‌ى بوو"ئه‌و خانووه بفرۆشرێ و گۆڕانكاریى تێدا بكرێ، وه‌كوو ئه‌وه وایه بۆ ڕۆژێكیش كاوه گه‌رمیانى تێدا نه‌ژیابێ، چونكه جێده‌ستى ئه‌وى لێ نامێنێ، ئه‌وه‌ش زیاتر ئازارم ده‌دات".
كاوه گه‌رمیانى ته‌مه‌ن 35 ساڵ، ڕۆژنامهنووسێكى دیارى گه‌رمیان بوو، ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان و ئه‌ندامى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى نێوده‌وڵه‌تى بووه، په‌یامنێرى ڕادیۆى (ئازادى) بووه له گه‌رمیان، هاوكات سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى (ڕایه‌ڵ) بوو، كه گۆڤارێكى مانگانه و له گه‌رمیان ده‌رده‌چوو، خاوه‌نى كتێبێكیشه به ناوى (گه‌رمیان له‌نێو به‌ڵگه‌نامه ڕه‌شه‌كاندا).
گه‌رمیانى له ژیانى پیشه‌یی خۆیدا چه‌ندین جار ڕووبه‌ڕووى گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆى به‌رپرسه حزبی و ئه‌منییه‌كان بووه‌ته‌وه.
bas news-
