پسپۆڕێكی سیاسی: کاریگەریی سزا و بڕیارەکانی بەغدا لە دژی هەرێم پێچەوانە بوو

 	 پسپۆڕێكی سیاسی: کاریگەریی سزا و بڕیارەکانی بەغدا لە دژی هەرێم پێچەوانە بوو
پسپۆڕێكی سیاسی دەڵێت، ئەو سزا و بڕیارانەی بەغدا لە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی هەرێم دای، كاریگەرییەكانیان پێچەوانە بوو، چونكە ئەوان دەیانەویست فشار بخەنە سەر هەرێم تا لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام خۆ دەرئەنجامەكانی ئەو بریارانە وابوو كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر لەو هەنگاوەی هەرێم بگات و دەركەوت بڕیارەكەی هەرێم زۆر لەجێ بووە.

هەرچەندە عێراق و وڵاتانی دراوسێ و بەشێك لە وڵاتانی تر لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوون، بەڵام 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام درا و، زیاتر لە 92% دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا. لە دژی ئەم ڕیفراندۆمە بەغدا كۆمەڵێك سزا و بڕیاری لە دژی هەرێم دا، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەبوو، لە هەندێك باردا بە سوودی هەرێمیش شكانەوە. سەبارەت بەم بابەتە، (پەروێز ڕەحیم)، پسپۆڕی سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو سزا و بڕیارانەی بەغدا لە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی هەرێم دای، كاریگەرییەكانیان پێچەوانە بوو، چونكە ئەوان دەیانهەویست فشار بخەنە سەر هەرێم تا لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە. بەڵام خۆ دەرئەنجامەكانی ئەو بڕیارانە وابوو كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر لەو هەنگاوەی هەرێم بگات و دەركەوت بڕیارەكەی هەرێم زۆر لەجێ بووە، بۆیان ڕوون بووەوە حكوومەتی عێراق دانیشتوانی هەرێم بەگشتی بە هاووڵاتیی خۆی نازانێت و بەكۆمەڵ سزایان دەدات، هەر بۆیشی ڕێك بكەوێت دەبێتـە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناسنامەیی. لەو ڕاستییەش گەیشتن کە هەمان ڕیتمی دەوڵەتی عێراقی پێش 2003 جێبەجێ دەكات.''

ئەو پسپۆڕە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: ''بڕیارەكانی عێراق لە دژی هەرێم، ڕای گشتیی لە هەرێم مكوڕتر كرد لەسەر پرسی سەربەخۆیی و هەست بە عێراقییبوون ناكەن.''

(پەروێز ڕەحیم) ئاماژەیشی دا: ''حكوومەتی عێراق هێندەی لەدەستی هاتبێ لە دژی هەرێم كردی، بۆی كرابا لەشكركێشیشی دەكرد. خۆ هەر پروشكە ئاگرێكیش بەر هەرێم بكەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخی تێك دەچێت، چونكە پێگەی سیاسیی هەرێم زۆر بەهێزە.''

(پەروێز ڕەحیم) گوتیشی: ''كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردووە، لەكاتێكدا پێشتر زۆرینەیان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوون. ئێستاش بە بڕیارەكانیاندا دەچنەوە و دۆخەكە لە بەرژەوەندیی كورددایە. ئاخر بۆ جیهان ڕوون بووەتەوە كە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت لە لایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.''
kdp-
Top