چاودێرانی سیاسی: کۆمەڵگەی دەولی بۆ پشتگیریکردن لە هەرێم، دێنە سەرهێڵ

 	 چاودێرانی سیاسی: کۆمەڵگەی دەولی بۆ پشتگیریکردن لە هەرێم، دێنە سەرهێڵ
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دواجار ڕای گشتی و کۆمەڵگەی دەولی پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە گرینگە کە هەرێم بەردەوام جەخت لە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکاتەوە.

ھەموو پێشبینییەکان ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا و دۆستان و وڵاتانی زلھێز داواکارن بە دانوستان کێشە و پرسەکان یەکلا بکرێنەوە. لەو بارەیەوە (عەبدولسەلام بەرواری)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێشبینییەکان ڕوونن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا.''
لەمەڕ ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان دەرکراون، ناوبراو پێی وایە لە ژێر فشاردا بوون، هۆکارەکەیشی بۆ هاتنە پێشەوەی وادەی ھەڵبژاردن دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ''ھیچ حزب و سەرکردەیەک ناتوانێت بە ئاشکرا پشتگیری سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ھێشتا ھەندێ کەس ھەن درک بەو ڕاستییە دەکەن، کە جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە عێراق باشترە.''

چاودێری سیاسی، (زیرەک کەمال)یش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە پەرلەمان و حکوومەتی عێراق ئەو ١٣ بڕیارەیان دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، ئەوەندەی بەرچەکردار بوو، ئەوەندە خوێندنەوەیەکی عاقڵانە و زانستی نەبوو بۆ ڕیفراندۆم، چونکە میللەتێک بە ئاشکرا بڵێت ئەوەم دەوێت و بێن بەوپەڕی بێشەرمیی سیاسییەوە ھەمووان یەک بگرن بۆ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان، کەچی کاتی خۆی بەریتانیا ئەو عێراقەی دروست کردووە، بەڵام گەر ئێمە میللەتی خۆمان دەوڵەت بۆ خۆمان دروست بکات، دەبێ پەلامارمان بدەن و ناو و ناتۆرەمان بۆ بدۆزنەوە، بۆیە ئەو دەوڵەتەی ئەوان لە سایەیەوە پەلاماری ھەرێم دەدەن شەرمەزارییە بۆیان، چونکە بەریتانیا دەوڵەتی بۆ دروست کردوون.''

سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی عێراقی بۆ لای (سەرۆک بارزانی) ئاماژەن بۆ ئەوەی، کە بەغدا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانە، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی زلھێزی جیھان داوایان لە ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، لەگەڵ بەغدا دانوستان بکەن و ڕێنوێنییان داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە خۆی لە بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ھەرێمی کوردستان دوور بگرێت. (بەرواری) ئاماژە بە ھەنگاوی داھاتووی دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات، کە نابێت ھەرێمی کوردستان دانوستان ڕەت بکاتەوە و دەڵێت: ''ھەتا بەغدا مەرجیشی ھەبێت، لەبەر ئەوەی دۆستەکانمان و وڵاتانی زلھێزی جیھانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و ڕووسیا و فەرەنسا، داوامان لێ دەکەن کێشەکان لە چوارچێوەی دانوستان لەگەڵ بەغدا چارە بکەین، بە ھەمان شێوە ئەوەیشیان بە بەغدا گوتووە، نابێت توندوتیژی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەکار بێنن.''
(زیرەک کەمال) وای بۆ دەچێت: ''سیاسەت بەرژوەندی دایدەرێژێت و عێراق لە ڕووی یاسا و دەستوور دەوڵەتە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامە، گەرنا خۆیشیان قەناعەتیان بە ھەڵوێستەکانی خۆیان نییە، چونکە ئەمانە وڵاتی دیموکراسین و باوەڕیان بە مافی مرۆڤ ھەیە، بۆیە پێویستە ئێمەش لە دوای ڕیفراندۆم پلانی خۆمان هەبێت.''

(بەرواری) مەرجەکانی پێشوەختەی بەغدا بۆ دانوستان، هاوکات سەردانی هەندێ لە کەسایەتییەکانی ناوەند بۆ لای (سەرۆک بارزانی) بە نیشانەی ویستی بەغدا بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە، باوەڕیش ناکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەو مەرجانە ڕازی بووبێت و گوتیشی: ''لەبەر ئەوەی گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە، ھەرکاتێک چووینە نێو دانوستانەکان، ئەوکات دەکرێت قسە لەسەر ھەموو پرسێک بکرێت، ئەوەی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشتریش پێشبینیمان ئەوە بوو، ھەڕەشەکان تا سەر بەردەوام نابن، ھەنگاوێک چووینەتە پێش بۆ سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوویی کرا، ئەوەی ماوەتەوە دانوستانە تاوەکو بزانین بە کوێ دەگەین، کە من دڵنیام دەستکەوتی گەورەی بەرھەم دێت بۆ خەڵکی کوردستان.''

(زیرەک کەمال)یش لەگەڵ (بەرواری) هاوڕایە و دەڵێت: ''ئەوەی ئەوان لە فۆڕمی ئایینیدا نەسرانی پێ دەڵێن و لە فۆڕمی سیاسیدا داگیرکەریی پێ دەڵێن، بەڵام ئێمە بۆخۆمان دەوڵەت دروست دەکەین، بۆیە ئەوەی ئەوان دەیکەن پەرچەکردارە و ئەوەی لە ناخی ئەواندا بوو سەرئاو کەوت، کە دیار بوو دوژمنی ئێمە و مافەکانی ئێمەن، ھەربۆیەش دواجار ڕای گشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان و پرۆسەی ڕیفراندۆم دەبێت.''
kdp-
Top