چاودێرێکی سیاسی: هەڕەشەی وڵاتانێک لە هەرێم پێچەوانەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە

چاودێرێکی سیاسی: هەڕەشەی وڵاتانێک لە هەرێم پێچەوانەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە
چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھەر وڵاتێک ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان بکات لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم ئەوە دەچێتە خانەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و دەڵێت، بە ھۆی بەرژەوەندییان لەگەڵ عێراق ھەندێ وڵاتی ناوچەکە دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕیفڕاندۆم مافی ھەموو گەلانی جیھانە و دەستوەردانی ھەندێ وڵاتیش لە کاروباری ناوخۆی عێراق پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. (ڕەمەزان کێڤلی)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەڕەشەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ھەر وڵاتێکی بەرژەوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێت لەبەر خاتری ئەوەی عێراق پەیوەندیی لەگەڵ نەپچڕێنێت دژایەتیی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکات، بەڵام ئەگەر بێت و دانوستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دەست پێ بکەن ئەوە ھەڕەشەی وڵاتانیش بەرەو کپبوونەوە دەچێت و ناتوانن وەک پێشتر بەردەوام بن، چونکە ئەو وڵاتانە خۆیشیان ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە عێراق داوای ھەڵوێستیان لێ دەکات و زیاتر لەسەر داوای عێراقە دەڵێن ئێمە دژی پارچەکردنی عێراقین.''

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەیشی بەوە کرد: ''سەیر لەوەدایە ئەوەی کە خەڵکی کوردستان ئەنجامی داوە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆی بەکار ھێناوە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام ھەڕەشەی ھەندێ وڵات بۆ سەربەخۆیی و ڕیفڕاندۆم پێچەوانەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە، چونکە نابێ دەست بخەنە پرسێکەوە کە پەیوەست بێت بە ناوخۆی عێراقەوە، واتە بە ھەموو پێوەرەکان ھەڵوێستی ھەندێ وڵاتی ناوچەکە بەرانبەر بە ڕیفڕاندۆم دەچێتە خانەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقەوە.''
kdp-
Top