محەمەد ئیلخانی: ئەو سزایانەی بەغدا لە دژی کوردستان دەریان دەکات بە زیانی خۆی تەواو دەبن
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی (حەیدەر عەبادی)، بەهۆی ئەنجامدانی ڕاپرسی سەربەخۆییی کوردستان، چەند بڕیارێکی نوێ لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکران، بە پێی ڕاگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە ''دەبێ تۆڕەکانی مۆبایل بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی و بگوازرێنەوە بۆ بەغدا؛ دەبێ هەنگاوی نوێ بنرێت بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکاندا و، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو فەرمانبەرانەش دەگیرێتەبەر کە کارمەندی دەوڵەتن لە هەرێمی کوردستان و ڕێوشوێنەکانی گشتپرسییان جێبەجێ کردووە.''
(محەمەد ئیلخانی)، ئەندامی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستانە و بەغدا خەریکە زمانی دیالۆگ دەشارێتەوە و گوێ نادات بە بنەماکانی شەراکەت و دراوسێیەتی، ئەگەرنا ئەوەی کراوە جگە لەوەی سزادانی خەڵکی کوردستانە، عێراقیش خۆی دەخاتە بەردەم نیشانەی پرسیار، کە ئەگەر پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق ئەو بڕیارە بدات، بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بۆیە گرنگە لەو بارەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بکرێت و ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر بڕیارەکانی بەغدا بدرێت، چونکە ئەوەی دەکرێت پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە.''
(محەمەد ئیلخانی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''بەغدا گوێ بە داواکاری و فشاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نادات، کە دواجار خۆی زیان دەکات، چونکە هەر سزایەکی خەڵک دواجار بەدەمەوەهاتنی کۆمەڵگای نێودەوەتیی بەدواوەیە.''
هاوکات بە هۆی ڕیفراندۆمەوە لە پەرلەمانی عێراق ١٣ بڕیار دەرچوون لە دژی پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق، کە ئەگەر پێوەی پابەند نەبن ناتوانن بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن.
kdp-
