محەمەد حاجی مەحموود: زمانی ھەڕەشە سوودی نەماوە و گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە

 محەمەد حاجی مەحموود: زمانی ھەڕەشە سوودی نەماوە و گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسالیست دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە، بۆیە بەغداش دەبێت بەپێی قۆناغ ویستی گەلی کوردستان قبوڵ بکات.

محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیت دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە، ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە ئێمە و عێراق لەسەر نەخشە رێگای داھاتوو گفتوگۆ بکەین، ئێمە بڕیاری خۆمان ھەیە بۆ سەربەخۆیی، دواتر کۆنفیدراڵیەت یان ھەر ئالیەتێکی دیکە دەگرینە بەر، بەغداش دەبێت ئەوە ھەزم بکات، چونکە ھەڕەشە و گورەشە سوودی نەماوە".

سکرتێری حزبی سۆسیالیت، ئەوەشی خستە روو کە ناکرێت بەغدا بەچاوی دوژمن سەیری گەلی کوردستان بکات، ئەوە بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داویەتی، تەنیا یەک شتی بیر چووە ئەویش ھەوا لەسەر خەڵکی کوردستان، ببرێت ئەگەر دەسەڵاتیان ھەبوایە ئەوەشیان دەکرد، دەشڵێت: "زۆر لەگەڵ بەغدا رۆیشتین، چارەسەری نەبوو، جارێک بە ئاشتی، جارێک بە قسە، جارێک بە گفتوگۆ، دواجار سێ ساڵە ئاگاداریان دەکەینەوە واز لەو سیاسەتە بھێنن کە وازیان نەھێناوە، پەنامان بۆ ڕیفراندۆم بردووە، دەبێت ئەوە قبوڵ کراو بێت، چونکە خەڵکی کوردستان بڕیاریان لەسەر داوە".

محەمەدی حاجی مەحموود، ئەوەشی روون کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن ئامادەیی دەربڕیوە، دیارە دەستێک لەبەغداوە ئەمە رەتدەکاتەوە، ئەو دەستە دەیەوێت بەغدا بەرەو ھەڵدێر ببات، ناشیانەوێت گرفتەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەرنا زوو چارەسەر دەکران، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بڕیارمان داوە ئامادەین شاند بنێرینە بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و دەبێت ھەڵوسێتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکاش لەسەر بڕیارەکانی عێراق جدی تر بێت".











باسنیوز
Top