عەبدولسەلام بەرواری: بەغدا توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆی نییە

 عەبدولسەلام بەرواری: بەغدا توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆی نییە
سیاسەتمەدارێکی کورد باس لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات و دەڵێت: "لەژێر کاریگەریی سیاسەتی نووری مالیکیدا داڕێژراون و عێراق توانای جێبەجێکردنیانی نییە".

لەبارەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەدژی خەڵکی کوردستان، عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی و سیاسەتمەداری کورد گوتی: "ماوەیەکە حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە دەرکردنی جۆرە بڕیارێک، کە سێ خەسڵەتیان هەیە1- زیادکردنی گرژی و هاندانی توندوتیژی 2 - زۆربەیان لە توانای عێراقدا نین جیبەجێان بکات و تەنیا بۆ مەرامی هەڵبژاردن و ململانێی ناوخۆی شیعەکانە.

3- لە کۆتاییدا عێراق لە بەردەوامبوون لەسەر ئەم رەفتارانە زیانی پێ دەکەویت و بە سوودی هەرێم دەبیت.

بەرواری لە بەشێک لە لێدوانەکەیدا دەپرسێت: "چۆن بەغدا دەتوانێت ئەندامانی کۆمسیۆن دەستگیر بکات؟ چ بەغدا چ دەسەڵاتێکی بەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانی مۆبایلدا هەیە؟ چۆن دەتوانیت ئەو ئنتەرنێتەی بەهۆی سەتەلایتەوە وەدەگیرێت کۆنترۆل بکات؟ ئەگەر خاڵە سنوورییەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی چۆن سوودیان لێ وەردەگرێت؟ چۆن دەتوانیت ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەبێ شەڕ کۆنترۆل بکات؟

ئەو سیاسەتوانە کورد گوتیشی: "هەڵوێستی بەغدا بە پێچەوانەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەن. هەفتەی ڕابردوو ئومێد هەبوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەندێ فشار لەسەر عێراق دابنێ بۆ ئەوەی چی دیکە لەدژی کوردستان هەنگاوی خراپ نەنێت. ڕەنگە دووسێ هەنگاوی وەک راگرتنی گەشتی فڕۆکەوانیی کوردستان بنێن، بەڵام لە کۆتاییدا پێم وایە خۆیان شەرمەزار دەبن، ڕەنگە ئەم هەڵوێستانەیان لە کۆتاییدا لە سوودی هەرێم بن و وا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات، کە چۆن ناردنی نەوتی کوردستان بەبێ عێراق دانی پێدا نراوە، ئاواش کۆمەڵێک مافی بدرێتە خەڵکی کوردستان"

عەبدولەسەلام بەرواری لە کۆتاییدا راشی گەیاند: "ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایش زیاتر پەیوەندییان بە سیاسەتی ناوخۆیانە هەیە، چونکە ئەم ئەنجومەنە هی ئەو گرووپەن کە سزای خەڵکی کوردستان دەدەن و لێدوانەکانی مالیکی و هومام حموودی دەرخەری راستیی نییەتیانە و ڕەنگە لەژێر فشار و کاریگەریی مالیکی ئەو بڕیارە درابێت".











باسنیوز
Top