سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: پابەندی رێککەوتنەکەی بارزانی و عەللاوی و نوجەیفی نابین
رەسول رازی، سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رێککەوتنەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفی، جێگرانی سەرۆککۆماری عێراق و سەردانەکەی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان "بەبێ ئاگاداری ئێمە بووە و هەوڵی تاکە کەسی و تاکلایەنە بووە، بۆیە پابەندیان نابین".
رەسول رازی راشیگەیاند "تاکە مەرجی ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن و گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکانی گشتپرسی و پابەندبوونە بە دەستپێشخەرییەکەی مەرجەعی باڵا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق".
رۆژی یەکشەممە 8-10-2017 سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
رۆژی شەممە 7-10-2017 بارزانی لە سلێمانی لەگەڵ ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی بابەت و كێشە پەیوەندیدارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كۆبووەوە و لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن.
د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون، ئەوانیش:
1- دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.
2- كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجامبدرێن.
3- هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.
4- دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتووێكی نزیكدا، بە پشتبەستن بە ئالییەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.
رووداو
