فازڵ میرانی: چارەسەرێکی باشە ئەگەر بەغدا بێ مەرج دان بە کۆنفیدرالیدا بنێت
دوای ئەوەی ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت کە وەک چارەسەرێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەگەر هەیە بڕیار لەبارەی کۆنفیدرالییەوە بدرێت. لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی بڵاوی کردەوە کە جارێکی دیکە بژاردەی کۆنفیدرالی وەک تاکە دەرچە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق خراوەتە ڕوو. لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە بەغدا ئەم پێشنیازەی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، پاش ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئاشکرا کرد کە 92.73٪ی کۆی دەنگدەرانی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان دابوو.
هاوکات عەبدوڵا وەرتی، ئەندامی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ ڕۆژنامەکەی ئاشکرا کردووە کە پێشنیازی کۆنفیدرالی لە لایەنی سێیەمەوە کە نوێنەرایەتیی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیهان دەکەن، خراوەتە ڕوو و بەشێک لە حکوومەت و لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش پشتیوانییان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بە فەرمی پێشنیاز نەکراوە.
لەلایەن خۆیەوە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لایەنی عێراقی باس لەوە دەکەن کە دەکرێ پرسی فیدرالی لە دەستوور بۆ کۆنفیدرالی بگۆڕن و دواتر لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدەن و بخرێتە ڕیفراندۆمێکی هەموو گەلی عێراقەوە.
بە بۆچوونی میرانی لەم حاڵەتەدا بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی نەیاری خواستەکانی هەرێمی کوردستانن، لە عێراقدا زۆرینەن، هەموارکردنەوەکەی دەستوور سەرکەوتوو نابێت و بیرۆکەکە شکست دەهێنێت. گوتیشی: ”بەڵام ئەگەر بهغدا بهبێ مهرج دان به كۆنفیدراڵیدا بنێت، دهبێته چارهسهرێكی باش بۆ كوردستان و عێراقیش“.
ئەوەشی روون کردەوە کە ئەگەر کۆنفیدرالی بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بێت، ئەوا هەرێمی کوردستان سەربەخۆ دەبێت و عێراقیش بە یەکپارچەیی دەمێنێتەوە.
باسنیوز
