جەباری: دەبێ بەغدا دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە؛ بە گوشار هیچ شتێک ناگۆڕێت

 	 جەباری: دەبێ بەغدا دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە؛ بە گوشار هیچ شتێک ناگۆڕێت
چاودێری سیاسی، (سادق جەباری) دەڵێت، دەبێ بەغدا بڕوا بەوە بهێنێت، کە ئەوەی لە کوردستان کراوە بڕیاری خەڵکی کوردستانە و دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە وەک دوو دراوسێی باش.

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (ئوسامە نوجەیفی) و (ئەیاد عەلاوی)، لە شاری سلێمانی، کە دواتر بە ڕاگەیەنراوێک باس لە هەوڵەکانی هەرێم و بەغدا کرا بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ ئەمڕۆش (سەلیم جبووری)، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی (سەرۆک بارزانی)ی کرد و لەوێش لە کۆوبونەوەیەکدا جەخت لەوە کرایەوە، کە کەشی ئاڵۆزی نێوان هەولێر و بەغدا هێمن بکرێتەوە و گرژییەکان بڕەوێتەوە و گفتوگۆ و کۆبوونەوە دەست پێ بکات.

چاودێری سیاسی (سادق جەباری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە، دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوە بووە. دەبێ بەغداش لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، ناکرێت دیالۆگ لەجیاتی هەڕەشە هەڵبژێرێت، ئەگەرنا خۆی زەرەر دەکات، چونکە تا ئیستاش هەرێمی کوردستان وەڵامی گوشارەکانی نەداوەتەوە و هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەبێ گرژییەکان کەم بکرێنەوە. ئەم کۆبوونەوانەش زۆر گرنگن بۆ ئەوەی پرۆسەی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەست پێ بکاتەوە و کۆبوونەوەکان ئاسایی ببنەوە.''

(جەباری) گوتی: ''بەداخەوە ئەوان بە داخستنی فڕۆکەخانە و هەڕەشەی داخستنی سنووری کوردستان نەوەستان و، بەشێک لە سەرکردەکانیان هەڕەشەی لەناوبردنی گفتوگۆیان کرد. دەبێ کلتووری لەم شێوەیە بسڕدرێتەوە و کلتووری ئاشتی و تەبایی شوینەکەی بگرێتەوە. لەهەمان کاتدا پێشنیار و سەرنجی زۆرێک لە سەرکردەکانی عێراق لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە بەهەند وەرگیراون، بۆیە دواجار بڕیار درا لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و گفتوگۆکانیش پێ دەنێتێتە قۆناغێکی نوێوە، ڕەنگە هەمان ئەو گفتوگۆیانە نەبێت، کە پێش ڕیفراندۆم گرتوومانەتە بەر.''

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: ''بەغدا ناتوانێت بەزۆر فشار لەسەر کوردستان بکات بۆ ناچاربوون بە پەشیمانبوونەوە، بۆیە ئەگەر دەخوازن ئێمە شاندێک دەنێرین بۆ بەغدا تا لەسەر پرسی داهاتووی هەردوولامان قسە بکەین، بەتایبەت ئەوانەی ناکۆکیی قووڵمان لەگەڵ یەک هەیە.''
kdp-
Top