خەلیل ئیسماعیل: لە وادەیەکی نزیکدا پرسە نێوخۆییەکانی کوردستان بەتەواوی چارە دەکرێن
لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی پرسەی (مام جەلال)دا ژمارەیەک سەرکردەی عێراقی سەردانی ھەرێمی کوردستان کرد و دوای بەشدارییان لە پرسەی (مام جەلال)دا ژمارەیەک سەرکردەی دیاری عێراقی سەردانی (سەرۆک بارزانی)یان کرد و لەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە دانوستانی بەرھەمدار کراون. پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کۆبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەرپرس و سەرکردە عێراقییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا جێگەی نرخاندنن، پێم وایە ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی دەست بە دانوستان بکرێت و کێشەکان بە ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن. ھەرئەوەش تاکە ڕێگەی بەردەمی ھەموو لایەکە و بڕیار و گرژییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە ھیچ نرخێکیان نییە، ئەوەی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەو یەک دوو ڕۆژەدا بینیمان، ئەوە ئەنجامی فەرمین، ئەگەر بێت و دانوستان بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان دەرکراون، هەر خۆیان دەپووکێنەوە.''
لەبارەی ڕەوشی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێم، پڕۆفیسۆر (خەلیل ئسماعیل) دەڵێت: ''لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش ھەنگاوی زۆر گرینگ لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا نراون بۆ ئەوەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان یەکھەڵوێست بەرامبەر بەغدا بوەستن و دانوستان بکەن. من زانیاریم لایە لە کاتێکی زۆر نزیکدا ھەواڵی زۆر خۆش دەبیستین لەو کۆبوونەوە و دیدارانەی لایەنە کوردستانییەکان، بەتایبەتی کاک (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دیداری ساز کردووە، ئەو یەکگرتنەی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان پرسی ڕیفڕاندۆم زۆر دەباتە پێشەوە و من گەشبینم، تەنھا لە چەند سەعاتی داھاتوودا خەڵکی کوردستان زانیاریی زۆر دڵخۆشکەر دەبیستن.''
kdp-
