نوێنەری پارتی: کۆمپانیایەکی دیکەی گەورەی ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان لە نەوتدا دێتە کوردستان
لە دوای (ڕۆسنەفت)، چەند کۆمپانیایەکی دیکەی ڕووسی ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنانی نەوت لە کوردستان بکەن. ئاژانسە ڕووسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا بەرەو پێشکەوتنی زیاترە. (خۆشەوی مەلا ئیبراهیم)، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕووسیا لەبارەی جووڵانەوەی سوننەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵوێستی ڕووسیا لەسەر ڕیفراندۆم لە ناوچە سونییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''٪٨٥ی داهاتی ڕووسیا لەسەر نەوت و گازە. ڕۆسنەفت بەبڕی چوار ملیار دۆلاری بۆ ژێرخانی ڕاکێشانی بۆڕیی گاز تەرخان کردووە، کە لە کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، هاوکات (زەڕۆبێش نەفت)یش وەک ڕۆسنەفت گەورەیە و ئەویش لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، کۆبوونەوەی کردووە بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنانی نەوت و پشکنین بۆ دۆزینەوەی نەوت لە کوردستان بکات، ئەو کۆمپانیایە زیاتر کاری لە دەرەوەی ڕووسیایە و یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکان و ئامادەیی نیشان داوە بێتە کوردستان.''
(د. خۆشەوی) ئەوەشی خستە ڕوو: ''زۆر گرنگ و پێویستە (سەرۆک بارزانی) سەردانی وڵاتان بکات و قۆناغی دووەمی ڕیفراندۆم ئاشکرا بکات، لەناو ئەو وڵاتانەشدا ڕووسیا گرنگە، تا ئیستاش ڕووسیا هەڵوێستی زۆر باشە دەبارەی ڕیفراندۆم و کوردستان.''
(د. خۆشەوی) دەشڵێت: ''سەرۆکی ڕۆسنەفت گوتی، بەردەوام دەبین لە کارکردن لە کوردستان، ئیستاش گاز پرۆم ڕۆژانە (٥) هەزار بەرمیل نەوت لە کوردستان بەرهەم دەهێنێت و هەناردەی دەرەوەی دەکات و هاتنی (ڤلادیمیر پووتین) بۆ ئانکارا کاریگەریی لەسەر تورکیا هەبووە. ڕووسیا فشاری خستەسەر تورکیا کە نابێ زەخت لەسەر کوردستان بکرێت. باسی لەوەش کردووە دەبێ نەوتی کوردستان هەناردە بکرێت، ڕووسیاش دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر هەناردەی ئازەربایجان و کوردستاندا، چونکە ئیستاش ئەورووپا بە دوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێت کە نەکەونە ژێرکاریگەریی ڕووسیا، بەس ڕووسیا لە تورکیاشەوە هەوڵ دەدات ئەو فشارەی لەسەرییەتی، یان ئەو ئەلتەرناتیڤە لاببات و بەرژەوەندیی ڕووسیا ئەوەیە ڕکابەری بۆ دروست نەبێت.''
kdp-
