کەرەم: ھەوڵی باش ھەیە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا
ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەبارەی گرژییەکانی ئەم دوایەی نێوان ھەرێم و بەغدا و ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێم دەریان کردووە، لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) کۆ بووەوە و لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، (د. عەرەفات کەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، بۆ ئەوەی بۆچوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بزانێت، کە پەیامی ئەویش پەیامی ئاشتی بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا دەست پێ بکاتەوە و (سەرۆک بارزانی)ش جەختی لەسەر دیالۆگ کردەوە و باسی لەوە کرد، کە زمانی ھەڕەشە و سزا گونجاو نییە و ئەوانیش ھەمان ڕایان ھەبوو، کە گفتوگۆیەکی جددی بکرێت و کراوە بێت و ھەموو پرسەکان باس بکرێن و بەگشتی دانیشتنێکی سەرکەتوو بوو.''
(د. عەرەفات کەرەم) گوتی: ''جەختیش لەوە کرایەوە، کە پێویستە کێشەکان لە نێوخۆی عێراق چارە بکرێن نەک وڵاتان بێنە سەر خەت و (سەرۆک بارزانی) باسی لەوە کرد، ئێمە زۆر ھەوڵی چارەکردنی کێشەکانمان دا، بەغدا گوێی پێ نەدا و بە کارتی فشار ھەژماریان دەکرد و ئێستاش پێویستە دیالۆگ ئەنجام بدرێت وسەقفێکی زەمەنی بۆ چارەکردنی کێشەکان دیاری بکرێت، چونکە خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و ناکرێت دەنگی ئەوان بە بەلاش بچێت.''
(کەرەم) ڕوونی کردەوە: ''(سەرۆک بارزانی) باسی لەوە کرد، پێویستە بە زووترین کات سزاکان ڕابگیرێن و جێگەی قبووڵکردن نین و سەرۆکی پەرلەمانیش ھەمان ڕای ھەبوو و سەرکردە عێراقییەکان و تەنانەت سەرۆکوەزیرانیش ئەو بڕیارانەیان پێ خۆش نییە، بەڵام لەژێر فشاری لیستی دەوڵەتی قانووندا ئەو بڕیارانە دراون، بۆیە ھەوڵی باش ھەیە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە .''
(کەرەم) گوتیشی: ''سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕیفراندۆم دا و گوتی، ڕیفراندۆم مڵکی خەڵکی کوردستانە، نەک ھی کەسێک، چونکە بە پێی دەستوور ناتوانرێت ڕیفراندۆم ھەڵوەشێندرێت، بۆیە ئەویش ئەو پەیامە دەگەیەنێتە سەرکردە عێراقییەکان، کە ئەمەش ھەنگاوێکی باشە.''
kdp-
