عادل نووری: ھەندێک پەرلەمانتار زانیاری نادروست بە نەیارانمان دەدەن

 عادل نووری: ھەندێک پەرلەمانتار زانیاری نادروست بە نەیارانمان دەدەن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێ، گەر کە پێویست بوو، گشت پەرلەمانتارە کوردەکان، ناویان لەو لیستەدا بووایە، کە ئەندامێتیان ھەڵپەسێردراوە و مافی پارێزبەندیان لێ وەردەگیرێتەوە، چونکە ئەوە لیستی شەرەف و شانازییە.

عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "نوێنەرانیی کورد، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەرکی سەرشانمانە کە داکۆکی لە مافی گەلەکەمان بکەین، ئەو بڕیارەش کە بۆ ھەڵپەساردنی ئەندامێتیمان دراوە، کارێکی نادەستووری و جاھیلانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بمکوژن پەشیمانی دەرنابڕم لە ئەو دەنگەی بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەم داومە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، کە دەبوو ناوی ھەر 65 نوێنەرەکەی کورد لەو لیستەدا بووایە، کە ئەندامێتیان ھەڵپەسێردراوە و مافی پارێزبەندیان لێ وەردەگیرێتەوە، چونکە ئەوە لیستی شەرەف و شانازییە، دەشڵێت: "کاتێک دەنگمان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دا، وێنەی کارتەکەمان بڵاو کردەوە و ئاشکرامان کرد، ئەوەش دڵی نەیارانی کوردی تەقاندووە، بۆیە بەو شێوە شۆڤێنییە دەجوڵێنەوە، گلەیشم لە دوژمنانی کورد نییە، بەڵام دەپرسم ئایا دەبێ ناوی نوێنەری کورد لە لیستی داکۆکی لە مافی کورد دا نەبێ؟ ئایا ماقولە پەرلەمانتاری کورد ڕازی بێت لە ژێر زوڵم و ستەمی نەیاردا بمێنێتەوە؟".

ئاشکراشی کرد کە ئاگادارە بەشێک لە پەرلەمانتاری کورد، دڵی نەیارانی گەلەکەیان خۆش دەکەن و زانیاری ناڕاستیش لەسەر یەکڕیزی کورد بۆ ئەوان دەبەن، گوتیشی: "ئێستا ھەموو کورد یەکڕیز و یەک ھەڵوێستە، واش دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، بۆیە دورخستنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیمان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێناوی ئامانجی سەربەخۆی بە سزا نازانین، بەڵکو شانازی و سەربەرزییە بۆ ئێمە".









باسنیوز
Top