پەرلەمانتارێکی یەکێتی وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی حزبەکەی دەداتەوە
خەلەف ئەحمەد مەعرووف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: ”کاتێک تەرمی مام جەلال لە ئەڵمانیاوە بۆ کوردستان گەڕێندرایەوە، مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق نەبووە تا ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراق پێکەوە دابنرێن، بەڵکوو سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بووە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە مام جەلال لە پێناوی کوردا ژیاوە و لەپێناوی کوردستان و ئاڵای کوردستاندا خەباتی کردووە، بۆیە ”شانازییە تەرمی تاڵەبانی بە ئاڵای کوردستانەوە داپۆشرا".
شوان داودی و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی یەکێتی چی دەڵێت کە دانەپۆشینی تەرمی مام جەلالیان بە ئاڵای عێراق، بە هەڵە وەسف کردبوو، خەلەف ئەحمەد ڕای گەیاند: ”مام جەلال ئەوەندە گەورەیە، با ھەزارانی وەک ئەوانە قسە بکەن، بچووک نابێتەوە، ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن، تەنیا سکی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە".
پێشتر ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هاوشێوەی بەرپرسانی عەرەبی شۆڤێنی، ڕەخنەیان لەوە گرتبوو کە تەرمی مام جەلال بە ئاڵای کوردستان داپۆشراوە و نەبوونی ئاڵای عێراقیان بەسەر تەرمەکە، بە هەڵەیەکی گەورە و بچووککردنەوەی مام جەلال لەقەڵەم دابوو.
باسنیوز
