هێمن هەورامی: بارزانی پێشمەرجی بەغدای بۆ دانوستاندن رەت کردەوە
ھێمن ھەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک بارزانی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تویتەر و فەیسبووک) رایگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەلیم جبووریی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئامادەیی کوردستان بۆ دەست پێ کردنی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ عێراق، کردووەتەوە.
هێمن هەورامی هەروەها رایگەیاندووە، کە بارزانی ئامادەیی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستانی نیشان داوە، کە لەسەر ”بەرنامەی کاری کراوە“ و لە ماوەیەکی دیاریکراودا گفتوگۆ لەگەڵ عێراقییەکان بکات ”بەبێ پێشمەرج“ی لایەنی عێراقی.
دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هەولێر ئامادەیی نیشان داوە بۆ دەست پێ کردنی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەرپرسانی بەغدا و حکوومەتی عێراق بە تایبەت، رایگەیاندووە، کە مەرجیان بۆ دەست پێ کردنی دانوستاندن، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم، کە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان رەتی دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 8/10/2017، سەلیم جبووری بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆ بووەوە.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبکژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنيوز
