وەزیرێکی کوردستان باس لە ئەگەری داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەسەر عێراق دەکات
مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: ”هێڵی ئینتەرنێت لە کوردستانەوە بەرەو پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەچێت، بەڵام هەر شائیعەیەک لەمبارەیەوە بکرێت دەستکردە و ڕەنگە پەیوەندی بە ناشرینکردنی وێنەی کوردستانەوە هەبێت، ئەگینا جەخت لەوە دەکەینەوە کە هیچ بڕیارێکمان بۆ ئەوە نییە کە هێڵی ئینتەرنێت لەسەر هاووڵاتییانی عێراق ببڕین“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئینتەرنێت لە عێراقدا زۆر بەکار دێت و هەموو خەڵکی بەکاری دەهێنن. گوتیشی: ”ئەگەر ئینتەرنێت ببڕێت، ڕەنگە بەقەد نەوت کاریگەری لەسەر خەڵکی بەغدا و هەرێمی کوردستانیش بکات و خەڵکی زیاد لە پێویست ئاڵوودەی بەکارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە بووە“.
دووپاتیشی کردەوە، دەست بردن بۆ ئەم بابەتانە، تێکەڵکردنی ژیانی هاووڵاتییانە بە مەلەفە سیاسییەکان. گوتیشی: ”یاریکردن بە خزمەتگوزارییەکانی خەڵک بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی گەلێک، کارێکی زۆر ناشرین و لە دەرەوەی بەها و ئەخلاقی کارکردنی سیاسی دایە و هیوادارین ئەم بیرۆکەیە لای ئێمە جێی نەبێتەوە و ئەوانیش دەستی بۆ نەبەنەوە“.
مەولوود باوەموراد داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد، بە بریاری لەکارخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستاندا بچنەوە و ئەوەی نەشاردەوە کە (کۆمپانیا بیانییەکان، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و نوێنەرایەتییە بازرگانییەکان، کەسانێک کە ڤیزای کوردستانیان هەیە، نەخۆش، بریندار، ئاوارەکان و زۆر خەڵکی دیکە) لەم بڕیارەدا زەرەریان بەر دەکەوێت.
باسنيوز
