ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار لە بەغدا وەرناگرێت

 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار لە بەغدا وەرناگرێت
سەرەڕای هەوڵی بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام ئیدارەی ئەنجوومەنەکە رایدەگەیێنێت کە ئیدی بڕیارەکانی بەغدا جێبەجێ ناکەن و لەگەڵ بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانن.

هەڵوێست و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەغدای توڕەکردووە، عەرەبی سوننە ترسیان لە خراپبوونی رەوشەکە هەیە و بەشێكی لایەنە تورکمانەکانی کەرکووک لەگەڵ بڕیارەکانی بەغدان.

هەڵوێستە یەکلاکەرەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر پرسی ئاڵاو گشتپرسی بەغدای توڕەکردووە ، لەپەرلەمانی عێراق و دادگای فیدراڵی هەوڵی لەکارخستنی ئەنجوومەنەکە دەدرێ.

حامید موتڵەگ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بەهێزی عێراقی لەوبارەیەوە گوتی"ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەبڕوای من گەورەترین هەڵەی کردووە لەئیدارەدانی پارێزگاکە، نەیتوانی یەکڕیزی نیشتیمانی بپارێزێ لەکەرکوک ، کێشەی لەنێوان عەرەب و تورکمان و کوردیش دروست کردووە، بۆیە ئەوە قبوڵ ناکرێ".

فراکسیۆنی برایەتی زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگا پێک دەهێنن، لای ئەوان لەئێستا بەدواوە کار بەبڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ناکرێت و زیاتر چاوییان لەهەولێرە.

محەممەد کەمال ، سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە لەکەرکوک گشتپرسیمان کردووە، بەیاسای گشتپرسی پەیوەستین بە هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە پابەند دەبین بەبڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە و پابەند نابین بەپەڕلەمانی عێراقەوە ئەگەر بڕیارێکی وابدەن".

عەرەبی سوننە لەکەرکووک جیاوازتر بیر دەکەنەوە و ترسیان لەوەیە ئەو هەنگاوە کێشەکان قوڵتر بکاتەوە. رەملە عوبێدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لەفراکسیۆنی عەرەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بابەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەم قۆناخەدا گونجاو نییە، ئەم پرسە پێویستی بە وردبینی بەرپرسیارێتی زیاترە، چونکە دۆخەکە مەترسیدارە و پارێزگاکە بەرەو ئاژاوەگێڕی دەبات".

تورکمان بەتەواوی بێ هیوابوون لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و چاوەڕێن رۆژێک زووتر ئەنجوومەنەکە هەڵبوەشێتەوە. عەلی مەهدی ، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تایبەت بەتۆڕی میدیایی رووداو گوتی"ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نییە، ئەنجوومەنی فراکسیۆنی برایەتییە، ئێمە لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقین".

پەرلەمانی عێراق، پێشتر بڕیاری لادانی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوکیان دەرکردبوو، بەڵام تائێستا ناوبراو لەپۆستەکەی ماوەتەوە و راشیگەیاندووە کەرکووک لەژێر ئاڵای کوردستان ئیدارە دەدات و کار بەبڕیارەکانی بەغدا ناکەن.






رووداو
Top