توێژەرێکی ئەمریکی باسی رۆڵی ئیسرائیل لە ریفراندۆمی کوردستان دەکات
د. دێیڤد پۆلۆک، توێژەری ئەمریکی، کە یەکێک بوو لە چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی، لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ئەلحوڕە) رایگەیاندووە، ماوەی هەفتەیەک لە کوردستان بووە و هیچ ئاڵایەکی ئیسرائیلی نەبینیوە.
دێیڤد پۆلۆک هەروەها رایەگیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی رۆڵی ئیسرائیل دەکەن لە سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دوورن لە راستییەوە و ”ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک رۆڵی لە پرۆسەکەدا نەبوو“.
ئەو توێژەرە، لەو وێنەیەدا دەرکەوتووە، کە ژمارەیەک چاودێر و سیاسەتمەدراری بیانی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرتوویەتیان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو وێنەیە رۆژێک دوای ریفراندۆم گیراوە و ”هیچ ئیسرائیلییەکیش لە وێنەکەدا نییە“.
دێیڤد پۆلۆک پێی وایە پاڵپشتیی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێش پرۆسەکە رایگەیاندبوو، پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، ”تەنیا قسە بوو“ و ئیسرائیل بە کردار هیچ پشتگیرییەکی پرۆسەکەی نەکرد.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
ئەو وێنەیەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بارزانی گرتیان، نیشانە خراوەتە سەر دێیڤد پۆلۆک لە وێنەکەدا..
باسنیوز
