"دەبێت بەغدا بڕوا بەوە بھێنێت کە گەلی کوردستان بڕیاری لەچارەنووسی خۆی داوە"
ئەندامێکی شاندی باڵای سیاسیی کوردستان، باس لەوە دەکات کە دەبێت بەغدا بڕوا بەوە بھێنێت ئەوەی لە کوردستان کراوە، بڕیاری خەڵکی کوردستانە و دەرگای گفتوگۆ وەک دوو دراوسێی باش بکاتەوە.
سادق جەباری، ئەندامی شاندی باڵای سیاسیی کوردستان، راگەیاند: "ئێمە دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە، دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوەبووە، بۆیە دەبێت بەغداش لەدوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، دیالۆک لەجیاتی ھەڕەشە ھەڵبژێرێت، ئەگەرنا خۆی زیان دەکات چونکە تائیستاش ھەرێمی کوردستان خۆی نەھێناوەتە ئاستی ئەو گوشارانەی بەغدا گرتوویەتیەبەر".
ئەو ئەندامەی شاندی باڵای سیاسیی کوردستان، ئەوەشی خستە روو کە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەداخستنی فڕۆکەخانە و ھەڕەشەی داخستنی سنووری کوردستان نەوەستاون، بەشێک لەسەرکردەکانیان ھەڕەشەی لەناوبردنی کوردستان دەکەن، دەبێت کلتووری لەم شێوەیە بسڕێتەوە، لەجیاتی ئەوەی کلتووری ئاشتی و تەبایی شوینی بگرێتەوە.
گوتیشی: "لەکاتێکدا ئێمە ھەموومان دەزانین ئەوەی لەبەغداوە بەرانبەر بە کوردستان دەکرێت وەک پلە دوو تەماشاکردنی خەڵکی کوردستان لەوە زیاتر ھیچی دیکە نییە، ئەگەرنا بۆچی بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور قوتی خەڵکی کوردستانیان بڕی؟ بۆچی بودجەی پێشمەرگەیان بڕی؟ ئیستاش کەوتوونەتە گیانی خەڵکی کوردستان و سزادانیان لەبەر ئەوەی ئەوانیان قبول نەکردووە".
سادق جەباری، ئەندامی شاندی باڵای سیاسیی کوردستان، ئاشکرای کرد: "بەغدا ناتوانێت بۆ ناچار بوون بە پەشیمان بوونەوە فشار لەسەر کوردستان بکات، بۆیە ئەگەر دەخوازن ئێمە شاندێک دەنێرین بۆ بەغدا تا لەسەر پرسی داھاتووی ھەردوولامان قسە بکەین، بەتایبەت سەربەخۆیی کوردستان".
bas news-
