"پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە میحوەری کەرکووک تەقەیان لە داعش کردووە نەوەک لە یەکدی"
(سەید لوقمان)، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''شەوی ڕابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش لە گوندی شەلالات لە ڕۆژئاوای کەرکووک بوون، کە دەکەوتنە نێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ئەوان تەقەیان لێ کردن و ئێمەش لای خۆمانەوە تەقەمان لێ کردن و خەڵک وای زانی ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی شەڕیانە، بەڵام تەقەکردنی ھەردوو لا بە ئاراستەی تیرۆریستانی داعش بوو.''
(سەید لوقمان) گوتی: ''حەشدی شەعبی بە ھۆی ئەو تیرۆریستانەی داعش ھەندێک ھاتبوونە پێشەوە، بەڵام دوای ڕاکردنی تیرۆریستانی داعش، بەیانیی ئەمڕۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئێستاش دۆخەکە ئارامە و ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە شوێنی خۆیانن.''
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک گوتیشی: ''حەویجە بەتەواوەتی ڕزگار کراوە و ئێستاش خەڵک کەم کەم ھەر ئاوارە دەبن، بەڵام وەک پێشووتر نییە و ھێزە عێراقییەکانیش گوندەکان دەپشکنن بۆ ئەوەی بزانن تیرۆریستی داعشیان لێ ماوە، یان نا.''
kdp-
