نوورەدینی: پێویستە وڵاتان ئاگادار بکرێنەوە کە هەولێر بۆ دیالۆگ ئامادەیە و بەغداش ڕەتی دەکاتەوە
بەغدا لەوەتەی ئەنجامی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوە و زیاتر لە ٩٢%ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق و سەربەخۆییی کوردستان داوە، کەوتووەتە هەڕەشە و سەپاندنی سزای نادەستووری. پەرلەمانی عێراق یەکەم وێستگەی دەرچوونی سزاکان بوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بە نادەستووری ١٣ بڕیاریان لە دژی هەرێم دەرکرد، وەکو ڕاگرتنی هێڵی ئاسمانیی کوردستان و دەستکراوەیی عێراق بۆ لەشکرکێشی و داخستنی دەروازەکان و زۆر بواری دیکە، بەڵام لە کاردانەوەی ئەو سزایانەدا ڕووسیا باسی لەوە کردووە، کە نابێ کەس گوشاری ئابووری بخاتە سەرهەرێم و یوئێن نیگەرانیی لەبارەی ڕاگرتنی هێڵی ئاسمانیی عێراق دەربڕی و ئەمەریکاش ئەو کارەی بە هەڵە دانا، لەبارەی لەشکرکێشیش بۆسەر هەرێم ئەمەریکا ئەوەی بە هێڵی سوور داناوە.
ماموستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، (د. عومەر نوورەدینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سیاسەتی وڵاتان ئەوەیە، کە بە پێی بەرژوەندیی خۆیان ھەڵوێستیان دیاری دەکەن و لە سیاسەتی دەوڵەتانڕا دیار بوو، کە دەوڵەتی نەتەوەیی، کاراکتەری سەرەکییە و بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕین، بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستانیش بۆ بەرژوەندیی خۆی وەڵامی بۆ ئەو سزایانەی عێراق ھەبێت، وەکو ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و چەند بڕیارێکی دیکە، کە دژی ھەرێمی کوردستان داویانە.''
لەبارەی چۆنییەتیی وەڵامدانەوەکەوە، ئەو گوتی: ''یەکەم شت کە پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بیکات، ئەوەیە ڕای گشتیی دنیا تێبگەیەنێت کە ھەرێمی کوردستان ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەغدا گفتوگۆ ڕەت دەکاتەوە و پرسیار بخاتە سەر شەرعیبوونی ئەو سزادانەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە، چونکە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی لیژنە تایبەتەکان نەکراون و پەسەندیان کردوون.''
لەبارەی ھەوڵەکانی سەرکردایەتیی کورد بۆ ئەو بڕیارانەی عێراق دژی ھەرێم دەری کردوون، باسی لەوە کرد: ''پێویستە سەرکردایەتیی کورد لە ڕووی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ھەرێم ھەوڵ بدات، فشار بخرێتە سەر بەغدا، بۆ ئەوەی پاشەکشە بکەن لە پرسی سزادانی ھەرێمی کوردستان و ئەوە بخرێتە ڕوو، کە لە مێژوودا سیاسەتی سزادانی ئابووری و سیاسی و سەربازی و بێمافکردنی گەلی کورد باش نەبووە و ئەنجامەکەیشی بۆ ھیچ لایەنێک باش نەبووە و کارەساتی بە دوای خۆیدا هێناوە.''
(نوورەدینی) گوتی: ''ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی عێراق گرتوویەتییە بەر بۆ سزادانی ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ڕیفراندۆم و داخستنی ھەرێم بە ڕووی دەرەوەدا سیاسەتێکی فاشیلە.''
دەربارەی ئەو ڕێکارانەی پێویستە ھەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە بیانگرێتە بەر بۆ ئەوەی ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت، (نورەدینی) جەختی کردەوە: ''پێویستە سەرکردایەتیی کورد بەرنامەیەک دابنێت بۆ ئەوەی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هەرچی بکرێت، بیکات و لە ناوخۆدا جەماوەر و کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەییمان ھەبێت، کە لە کاتی خۆیدا کارتەکانی خۆمان بەکار بێنین، ئەمانە ھەمووی لە چوارچێوەی سیاسەتی عاقڵانەدا بکەین. بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی سیاسی کۆ بێتەوە و پەرلەمان و حکوومەت و لایەنەکانیش کۆبوونەوە و گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی پلانیان بۆ داھاتوو ھەبێت.''
kdp-
