د. محەمەد ئەحمەد: ئەگەر بەغدا دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکات بە زیان بۆخۆیان دەشکێتەوە
(جاسم محەمەد جەعفەر)، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنوانیدا دەڵێت: ''چەند ڕۆژی دابێ ژمارەیەك ڕێوشوێنی نوێ دژی هەرێمی كوردستان دەردەكرێن بە هۆی ئەوەی هیچ وەڵامێكی نەبووە لەبەرانبەر داواكارییە سەرەتایییەكانی عێراقدا، كە سەرەكیترینیان پابەندبوونە بە یاسا فیدڕاڵییەكان و ڕادەستكردنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆم و وردبینیكردن لە داهاتە نەوتی و ناوخۆییەكاندا.''
(د. محەمەد ئەحمەد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە ناخوازین لەوە زیاتر حکوومەتی عێراق سزای خەڵکی کوردستان بدات، دەخوازین حکوومەتی عێراق دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، لەگەڵ کوردستان لێکگەیشتن دروست ببێت، کێشەکان بە گفتوگۆ چارە بکرێن. گریمان سزای خەڵکی کوردستانیان دا، دواتر هەر دەبێ بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و، دەبێ بە گفتوگۆ کێشەکان چارە بکرێن، شکاندنی دەستی یەکتری نامانگەیەنێتە هیچ دەرئەنجامێک.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: ''مێژوو شایەدە هیچ کات حکوومەتی عێراق هەرچی بە لێکگەیشتن نەبووبێت نەیانتوانیوە خواستەکانیان بێننە دی، لە زەمانێکدا حکوومەتی عێراق ویستی شەڕ لەگەڵ کوردستان بکات دواجار زەرەری کرد، بۆ نموونە، (سەددام) کاتێک ویستی شۆڕشی کورد تووشی شکست بکات، بۆ ئەوە ناچار بوو لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا سازش بکات، ئەوە بوو سازشی کرد و بەشێک لە خاکی عێراقی دۆڕاند، دواتر شەڕێکی هەشت ساڵەی بەسەر خۆی و ئێراندا هێنا، دوای ئەویش شەڕی کوێت، بۆیە بۆ هەر پەلامارێکی کوردستان لە لایەن عێراقەوە، دواجار خۆیان تێیدا زەرەمەند دەبن.''
(د. محمەد ئەحمەد) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئەگەر (سەددام) لەگەڵ کوردستان ڕێککەوتنی بکردبایە تووشی شەڕ نەدەبوو، بۆیە ئێمە بە دڵسۆزی ئامۆژگاریی حکوومەتی عێراق دەکەین، با بە مەنتقی هێز مامەڵە نەکرێت و بە هێزی مەنتق مامەڵە بکات، ئەم گەلە خواستێکی هەیە، ئەوان بێن لێکگەیشتنیان هەبێت، ئەوە چواردە ساڵە بەغدا هیچی نەکردووە، ئێستاش دڵی ئاوی نەخواردوەتەوە لە سزادانی خەڵکی کوردستان.''
لە دوای ئاشکرابوونی ڕیژەی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان، حکوومەتی عێراق وەک کاردانەوەیەک کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێویستی گرتونەتە بەر لە دژی خەڵکی کوردستان، وەک داخستنی هێڵی فرۆکەوانی و هەوڵەکان بۆ داخستنی سنووری کوردستان .
kdp-
