نێچیرڤان بارزانى: له‌گه‌ڵ فهڕەنسا و یوئێن لەسەر هێڵین، ئه‌گه‌ر به‌غدا رازى بێت ئێمه بۆ دانوستان ئامادەین
له میانى به‌شداریكردنى له پرسه‌ى (مام جه‌لال تاڵەبانی)، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، "ئێمه ده‌مانه‌وێت به ئاشتى و گفتوگۆ كێشه‌كانى خۆمان چاره بكه‌ین. ئه‌وه‌ش په‌یامى ئێمه‌یه بۆ وڵاتانى دراوسێ و به‌غدا و هه‌موو لایه‌ك. ئه‌وه‌ى كورد و پێكهاته‌كانى دیكه له كوردستان كردوویانه، بۆ ئه‌وه بووه په‌یامى ئاشتى خۆیان بگه‌یه‌نن بۆ جیهان و ده‌یانه‌وێت به ئاشتى و به دانووستان و دانیشتن له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ كێشه‌كانى خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
سەبارەت بە سنوورەکانیشەوە (نێچیرڤان بارزانی) گوتی، هه‌تا ئێستا سنووره‌كان وه‌ك خۆیان كراوه‌ن و ئێمه پێمان وا نییه به داخستنى سنووره‌كان هیچ كێشه‌یه‌ك چاره بكرێت، وڵاتێكى وه‌ك ئێران خۆى قوربانى ئه‌وه بووه كه سزا و فشارى له‌سه‌ر بووه و سنوورى لێداخراوه، بۆیه پێم وانییه پرسى داخستنى سنوور بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. چاره ئه‌وه‌یه ئێمه بتوانین به پرۆسه‌یه‌كى دانووستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا بتوانین چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به ده‌ستپێشخه‌رى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، (نێچیرڤان بارزانى) گوتى: "سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندووه، كه ده‌یه‌وێت بۆ ناوبژیكردن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستپێبكات و ئێمه له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌گه‌ر به‌غداش رازى بێت ئه‌وا ئێمه ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ له هه‌ر شوێنێك بێت چ له به‌غدا و چ له ده‌ره‌وه و پێشوازیش ده‌كه‌ین له هه‌وڵى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ دانووستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا.
ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیران بۆ کەناڵی کوردستان 24 بوو و لە درێژەدا گوتی، "هیوادارین مه‌رگى (مام جه‌لال) ببێته هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌موولایه‌ك و به مه‌رگى خۆى كه‌لێنێكى گه‌وره‌ى به‌جێهێشت و هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌لێنه گه‌وره‌یه و تا بتوانین ئه‌م بارودۆخه سه‌خته‌ى به‌رۆكى كوردستانى گرتووه تێیپه‌ڕێنین و ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ نه‌بین زۆر زه‌حمه‌ته و به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز بین ده‌توانین ئه‌م بارودۆخه تێپه‌ڕێنین".
kdp-
