سەرۆک بارزانی و عەللاوی و نوجەیفی، لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن
ئەمڕۆ شەممە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ هەریەكە لە (د. ئەیاد عەللاوی) و (ئوسامە نوجەیفی) جێگرانی سەرۆككۆماری عێراق كۆبووەوە.
لەم كۆبوونەوە سێ قوڵییەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی بارودۆخی هەنوکەیی كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت و، چۆنیەتی چارەكردنی بابەت و كێشە پێوەندیدارەكان لە گۆڕەپانی سیاسییدا.
لەم بارەیەوە (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە رێككەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە.
1. دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی باروودۆخەكە.
2. كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجام بدرێن.
3. هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.
4. دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتوویەكی نزیكدا ، بە پشت بەستن بە ئالیەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.
kdp-
