سەفین دزەیی: ئەو هەنگاوانەی بەغدا ناویەتی دژی هەموو عورف و یاسا و دەستوورێکە
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”تائێستا کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام ئەو هەنگاوانەی بەغدا ناویەتی، دژی هەموو کارێکی دەستووری و عورفی و یاساییە، سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان یەکێکە لەو کارە نامۆیانەی کە حکوومەتێک بەرامبەر بە گەلی خۆی بیکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەردەوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی گفتوگۆی ”بێ مەرج و بە ئەجێندایەکی کراوە“ی دەربڕیوە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی وڵاتانی ناوبژیوان یان نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات.
لەبارەی ئەوەی کە عێراق داوای دەکات لە دەست بەسەرداگرتنی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، سەفین دزەیی گوتی: ”ئەمە لە ڕووی عەمەلییەوە ئەگەر مەحاڵ نەبێت، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئێمە نامانەوێ گرژی درووست ببێت، بەڵکوو مەبەستمانە گفتوگۆ لەمبارەیەوە بکرێت کە لە ڕووی تەکنیکییەوە چۆن بتوانین لەبارەی فرۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆ بکەین و گوتوومانە ئامادەین گفتوگۆیەکی تەکنیکی بکەین“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: ”مانۆڕە سەربازییەکانی عێراق و ئێران یان عێراق و تورکیا، ئەوا کاروباری خۆیانە و وڵاتان لەگەڵ یەکتر مانۆڕی هاوبەشی سەربازییان هەر کردووە، بەڵام بەو مانایە نەبێ کە ببێتە هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان“.
ڕوونیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا جوگرافیا و مێژووی تێکەڵی هەیە و لە زۆر ڕوانگەوە تێکەڵاوییا هەیە، ”ڕەنگە کێشەی سیاسی و ئیداریمان بۆ بێتە پێشەوە، بەڵام بەو مانایە نایەت کە سەرجەم باکگراوندی خۆمان سفر بکەینەوە و ڕووبەڕووی یەکتر ببینەوە“.
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سیاسەتی بارگرژیی زیاتردا نییە و زۆر بەهێوری مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات، ”سەرەڕای هەموو ئەو قسە ناڕەوایانەی بەرامبەرمان دەکرێت، بەڵام باشترە لێک تێبگەین و هەموو لایەک بزانن بۆچی گەیشتینە ئەم قۆناغەی بڕیاری ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بدەین“.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەفین دزەیی ڕای گەیاند: ”لە سیاسەتدا موستەحیلات نییە، ئێمە تائێستا بەشێکین لە عێراق و ڕۆژانێک کوردستان پەناگەی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا بوو. پێویستە زیاتر بێنە پێشەوە و بێ مەرج بە ئەجێندایەکی کراوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی کوردستان بکەن، ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و دەکرێ بە گفتوگۆ سەقامگیری بۆ ناوچەکە دابین بکەین“.
باسنیوز
