75 ئازیز لە کوردستان دیارییان پێشکەش کرا

 75 ئازیز لە کوردستان دیارییان پێشکەش کرا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەراسیمێکی تایبەتی بە ھاوکاریکردنی ٧٥ ئازیز لە ھەولێر بەڕێوە برد کە ھاوکارییەکان لەلایەن خێرخوازێکی کوردستانەوە دابین کرابوو.

ئەمڕۆ شەممە ٧/١٠/٢٠١٧، بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھاوکاری دارایی پێشکەشی ٧٥ منداڵی ئازیزی لە شاری ھەولێردا، ھەر منداڵێک بڕی ٢٠٠ دۆلار کە لەلایەن خێرخواز (سەروەر ساڵح پێداوی) دابین کراو بوو، پێدرا.

ئەم ھاوکارییانە بەردەوام پێشکەشی ئازیزان (منداڵانی بێباوک) دەکرێت، تاکو تەمەنی پێگەیشتن و بەمەبەستی پاڵپشتییەک بۆ خێزانەکانیان و دروستکردنی داھاتوویەکی گەشتر بۆ منداڵەکان پێشکەشیان دەکرێت.

پرۆژەی چاودێری ئازیزان بێجگە لە دابینکردنی ھاوکاری ماددی بۆ منداڵەکان، بەردەوام چاودێری پەروەردەیی منداڵەکان دەکات و لە داھاتووشیاندا ھەوڵ دەدات ھەلیکاریان بۆ دابین بکات.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوار چێوەی پرۆژەی چاودێری ئازیزاندا مانگانە ھاوکاری زیاتر لە ١٧ ھەزار منداڵی بێباوک لە سەرتاسەری کوردستاندا دەکات. ھەروەھا ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی منداڵانی شەھیدانیش دەگرێتەوە و بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە زیاتر لە ١٥٠٠ منداڵە شەھید لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە سپۆنسەری سیروان بارزای ھاوکاری ماددیان پێشکەش کرا.











باسنيوز
Top