حزبی شیوعی: سوننەکانی عێراق مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسیان بدەن
لەبارەی ڕیفراندۆمی ناوچە سونییەکان و هەوڵی سوننەکان بۆ دروستکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، سوبحی مەهدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، گوتی: "ئێمە چ وەکوو کورد و چ وەکوو لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی گشتی نە لاریمان هەیە نە پێمان ناخۆشە کە پێکهاتەکانی عێراق بە مافەکانی خۆیان بگەن، مافی خۆیانە ئەگەر هەر بڕیارێک لە شێوەی فیدراڵی، یان سەربەخۆی بدەن و هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە خزمەتی ئەوە دایە قورسایی کاردانەوەی دەسەڵاتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستانیش کەم ببێتەوە کە ئەوەندە سەرقاڵی کوردستانن، با خەریکی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان بن".
ئەو سەرکردەیەی حزبی شیوعی گوتیشی: "ئێستا دەنگۆی بەهێز هەیە بۆ دروستکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی سوننە و ڕیفراندۆمی سوننەکان و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە بەغدا نەیتوانیوە مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراقدا بکات و ڕاشی گەیاند هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەیە چی بکات هەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بگەیەنێتە ئامانج".
باسنیوز
