شوان داودی: بە گشتی دڵتەنگی هەیە بەهۆی نەبوونی ئاڵای عێراق لەسەر تەرمی تاڵەبانی

 شوان داودی: بە گشتی دڵتەنگی هەیە بەهۆی نەبوونی ئاڵای عێراق لەسەر تەرمی تاڵەبانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هاوشێوەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی عەرەبی شۆڤێنیی عێراق، نیگەرانیی خۆی لە داپۆشینی تەرمی سکرتێری گشتیی حزبەکەی بە ئاڵای کوردستان و دانەپۆشینی بە ئاڵای عێراق دەردەبڕێت.



لە لێدوانێکیدا بۆ (سۆمەرییە نیوز)، شوان داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاندووە، جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی عێراق، شۆڕشگێڕێکی کورد و عێراقییەکی نیشتمانپەروەر بووە و 70 ساڵی تەمەنی لە پێناو بەدیهێنانی دیموکراسیەت لە عێراق و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان بەسەر بردووە.



ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەوەی لە مەراسیمەکەدا ڕووی داوە، لە شکۆی عێراق و خودی تاڵەبانی کەم ناکاتەوە، بەڵکوو لە شکۆی یەکێتی لە ئاستی ”عێراقی، عەرەبی و ناوخۆیی“ کەم دەکاتەوە.



داودی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بە گشتی دڵتەنگییەک لەلایەن بنکەی جەماوەریی یەکێتی هەیە لەبارەی ئەوەی کە ڕووی داوە، ”هەرچەندە ئاڵای عێراق لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە هەبوو کە تەرمی تاڵەبانی دەگواستەوە و مەراسیمەکەش بە سروودی نیشتمانیی عێراقی دەستی پێ کرد“.



هەر لەو لێدوانەدا پەرلەمانتارەکەی یەکێتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەک فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی داوا لە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان دەکەن، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەوە بکەن کە لە مەراسیمی ناشتنی تاڵەبانی ڕووی دا.



ئەم قسانەی شوان داودی لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانی شۆڤێنیی عەرەبی عێراقی، دژی داپۆشینی تەرمی تاڵەبانی بە ئاڵای کوردستان و نەبوونی ئاڵای عێراق لەسەر تەرمەکە، نیگەرانییان دەربڕیوە و ئەم بابەتەیان بۆ هێرشکردنە سەر خواستی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەکار هێناوە.


باسنیوز
Top