نشینگه‌ى سلێمانى لەباره‌ى گه‌شتى هاووڵاتیانەوە چه‌ند ڕێنماییه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه
له ڕاگه‌یاندراوەكەى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى نشینگه‌ى سلێمانى كه وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس‌نیوز) كه‌وتووه، هاتووه دوابه‌دوای ڕاگرتنی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ر بۆ گه‌شتیاران دروست بووه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و ره‌وینه‌وەی دڵه‌ڕاوكێی گه‌شتیاران، چه‌ند زانیارییه‌ك بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه كه بریتین له‌مانەی خوارەوە:
1- سه‌رجه‌م ئه‌و بیانیانه‌ی كه مۆری هاتن یان مۆری ده‌رچوون یان كارتی نشینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان هه‌یه، ده‌توانن له سنوری حكومه‌تی ناوه‌ندی گه‌شت بكه‌ن، به‌ڵام كار به هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نشینگه‌ی هه‌رێم ناكرێت و پێویسته كه‌سانی بیانی بڕی 500 هه‌زار دیناری عێراقی غه‌رامه بده‌ن، ئه‌وكات ڕێگه‌یان پێده‌درێت گه‌شت بكات، هه‌روه‌ها ده‌شتوانن له ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه گه‌شت بكه‌ن، ئه‌و كات به‌پێی ڕێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ڕێگه‌ی گه‌شتكردنیان پێده‌ده‌رێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر بیانیه‌ك كه پێویستی به ڤیزه‌ی توركیا هه‌بێت، پێشتر ڤیزه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی وه‌رگرتبێ.
2- كه‌سانی هه‌نده‌ران كه هه‌ڵگری دوو ره‌گه‌زنامه‌ن (عێراقی و بیانی)، ئه‌وا ده‌توانن به‌بێ غه‌رامه گه‌شت بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ره‌سمی عێراقیان پێبێت ناو و ساڵی له دایكبوونیان یه‌ك بێت، به پێچه‌وانه‌وه خاڵی یه‌كه‌میان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت و وه‌ك بیانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
3- ئه‌و بیانیانه‌ی كه به پۆست پاسپۆرت یان لیزه پاس یان جه‌واز مروریان بۆ دێت و مۆری هاتنە ناوەوەی هه‌رێمیان له‌سه‌ر نیه، ئه‌وه پێویسته بڕی 500 هه‌زار دینار غه‌رامه بده‌ن و پاشان ده‌توانن له ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه گه‌شت بكه‌ن.
4- ئه‌و هه‌نده‌رانیانه‌ی كه به هه‌ر هۆكارێك به پۆست پاسپۆرت یان لیزه پاس یان جه‌واز مروریان بۆ دێت و مۆری هاتنەناوەوەی هه‌رێمیان له‌سه‌ر نیه، ئه‌وه پێویست ناكات بڕی 500 هه‌زار دینار غه‌رامه بده‌ن، به‌ڵام ده‌بێت به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ره‌سمی عێراقییان پێبێت و ناو و ساڵی له دایك بوونیان یه‌ك بێت، ئه‌گه‌ر نا وه‌ك كه‌سانی بیانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
5- هاووڵاتیانی سوریا كه به قاچاخ هاتوونه‌ته هه‌رێم و ڤیزه‌ی وڵاتان وه‌رده‌گرن، پێویسته بڕی 500 هه‌زار دینار غه‌رامه بده‌ن، پاشان ده‌توانن له ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه گه‌شت بكه‌ن.
له كۆتایى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش كراوه كه ئه‌و وڵاتانه‌ی قه‌ده‌خه‌ی هاتنیان له‌سه‌ره بۆ هه‌رێمی كوردستان، رێگه‌ی هاتنیان پێ‌نادرێت بێنه هه‌رێمى كوردستان، هه‌رچه‌ند ڤیزه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندیان هه‌بێت كه بریتین له هاووڵاتیانی (ئۆگه‌ندا، ئه‌سیوبیا، كینیا، به‌نگلادیش، نایجیریا).
BAS NEWS -
