دژوار فایەق: "لە رۆژانی دابێ گۆڕانکاری نوێ روو دەدەن..سەرجەمی لە بەرژەوەندی هەرێمدا دەبێ"

 	 دژوار فایەق:
پرسی ریفڕاندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان وڵاتانی ناوچەکەیشی گرتووتەوە و رۆژانە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دیداری سەرۆکی وڵاتان باس و خواستی پرسی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان گەرمە و شرۆڤەکارێکی سیاسیش وای دەبینێ، لە رۆژانی دابێ گۆڕانکاری زۆر بەسەر ھەڵوێستی وڵاتانی جیھاندا دێت ئەویش لەبەرژەوەندی گەلی کوردستانە.

رۆژی ٢٥ی ئەیلوول لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بڕیاراندا بۆ ئەوەی جیاببنەوە لە دەوڵەتی عێراق، ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی جیھانی بەدوای خۆیدا ھێنا و چاودێرانیش ئەوە دووپاتدەکەنەوە، ھەر بڕیارێک دوای ریفڕاندۆم بدرێت لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندایە.

(دژوار فایەق)، شرۆڤەکاری سیاسیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی ٢٥ی ئەیلوول کاریگەری لەسەر جیھان ھەبووە لەوەی پرسی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکەی مێژویی، بەرلە ریفڕاندۆم زۆرینەی وڵاتان داوای دواخستنی پڕۆسەکەیان دەکرد بەبێ ئەوەی ھیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی دیاری بکرێت، بەڵام کاتێک ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆیدا ئەوانیش ئێستا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئیدی پێویستە لەچوارچێوەی ئەنجامی ریفڕاندۆم چارەیەک بۆ پرسەکە ببینینەوە، فەڕەنسا و بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتان پێیان باشە دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئێمەدایە وەک ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەرێمی کوردستان و عێراق لەچوارچێوەی یەکێتییەک دەبن بە دوو دەوڵەتی جیا.

(دژوار فایەق) ئاشکرایشی کرد، لە رۆژانی دابێ گۆڕانکاری بەسەر ھەڵوێستی ژمارەیەک وڵاتی زلھێزی جیھاندا دێت لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و پێموایە گۆڕانکارییەکان و ھەلوێستە نوێیەکان دانانی سنوورێکە بۆ پێوەندی نێوان ھەرێم و عێراق بەوەی نێوەندگیری بکەن بۆ ئەوەی ھەردوولا بگەنە رێکەوتن، چونکە لەبیر نەکەین ئەوانەی پێشتر و ئێستاش دژی ریفڕاندۆم لێدوان دەدەن، تا سەر لەسەر ئەو بۆچوونە ھەڵوێستە نابن و زۆرن ئەو وڵاتانەی وای دەبینن دەبێت رێز لە ئیرادە و داخوازی گەلی کوردستان بگیرێت.
KDP -
Top