٤٥ رێکخراو، سەندیکا و کۆمەڵە، بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکانی بەغدا سەردانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکەن
بەپێی ھەواڵێکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتووە و تێدا ھاتووە: " لە بارەگای ژووری بازرگانیی و پیشەسازی ھەولێر، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ٤٥ رێکخراو، سەندیکا، کۆمەڵە و یەکیەتییە پیشەییەکانی کوردستان، کۆبوونەوەیەک ساز کرا بەمەبەستی ھەڵوێست دەرکردن دەربارەی ئەو بڕیارانەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتی عێراق دەرچووە دژی گەلی کوردستان و دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروبۆچوون و تاوتووکردنی بابەتەکان، بەیاننامەی کۆبوونەوەکە لەلایەن (بەختیار حەیدەر) خوێندرایەوە.لە بەیاننامە کە دا وێڕای پیرۆزباییی لە ئەنجامەکانی ریفراندۆم و ئیڕادەی میللەت، جەختیان لەسەر نادەستووریی و نایاساییی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتی عێراق کردەوە، کە مەبەست لێی تەنیا سزادانی بەکۆمەڵی دانیشتوانە و دژی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و رێکەوتننامە و جاڕنامە نێودەوڵەتییەکانە.
رۆژانی رابردوو پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیار بۆ سزادانی خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان دەرکردن، ئەوەش زیاتر خەڵکی ھەرێمی کوردستانی ھاندا کە رژدتر بن لەسەر بڕیاری خۆیان بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق، ناوەندە یاساییەکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی وڵاتی جیھان لەبڕیارە ناسایی و نادەستووریەکانی بەغدا ئاگادار دەکرێنەوە، بەگوێرەی ئەنجامی کۆبوونەوەی سەندیکا و یەکێتیی و کۆمەڵەکان: "بڕیاردرا لیژنەیەک پێک بھێنرێت و لەماوەی داھاتوو سەردانی گشت دامو و دەزگا یاسا ناوخۆییی و نێودەوڵەتییەکان و ئۆفیسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسووڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان بکەن، بەمەبەستی گەیاندنی ناڕەزاییی و نیگەرانییەکانی رێکخراوەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە و گەلی کوردستان.
KDP-
