"عەرەبەكانی دەڤەری زوممار دژی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراقن"

عەرەبەكانی زوممار ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق رەتدەكەنەوە و داوا دەكەن هەر چی زووە سەركردایەتی كوردستان رۆژێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دیاری بكات.

(ئەحمەد جەعفەر) بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، خەڵكی زوممار بە كورد و عەرەبەوە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندان، هەر لەبەر ئەوەش بە ڕێژەی 96% دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، لەگەڵ ئەوەی عەرەبەكانی دەڤەری زوممار ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق رەتدەكەنەوە و دژی دەوەستنەوە و، داوا دەكەن هەر چی زووە سەركردایەتی كوردستان رۆژێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دیاری بكات.

دەشڵێ، ئەوە بۆ زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت ناوچەكانی ئێمە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان لە دەست داعش ڕزگار كراون و تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچی بۆ ئەو ناوچانە نەكردووە، ئەوەی بۆ ئێمە كرا بێت لەلایەن حكوومەتی كوردستانەوە كراوە، هەر ئەوەش وای كرد كە خەڵكی ناوچەكە بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن، لەگەڵ ئەوەش خەڵكی ناوچەكە گوێ بە بڕیارەكانی عێراق نادەن و دەڵێن، ئەو بڕیارانە ئێمە ناگرێتەوە، چونكە تازە ئێمە بڕیاری خۆمان داوە".
KDP _
Top