یەكێتی: پرسەی مام جەلال گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان دروست دەكات
هەرێم ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند: "مام جەلال ئەو كاتەی سەرۆك كۆماری عێراق بووە ڕۆڵی لە كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانی عێراق كە كورد، شیعە و سوننە بووە بینیوە، بەهەمان شێوە ئێستا كە كۆچی دوای كردووە سەرجەم ئەو لایەنانە كۆ دەكاتەوە، چونكە بەشێكی زۆر لە بەرپرسە باڵاكانی عێراق بۆ پرسەی مام جەلال دێنە هەرێمی كوردستان لەوانە".
سەركردەكەی یەكێتی، دەڵێ: "تەمانای ئەوە دەكەین كە كۆچی مام جەلال ببێتە هۆی ئاشتبوونەوە و لابردنی ئەوئابڵۆقانەی كە لەلایەن عێراقەوە خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە میللەتی كورد شایستەی ئەو سزایە نییە، تا زەرەرمەندببن".
ئەوەشی خستەڕوو، كە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تا ڕادەیەك گۆڕانكاری بەسەر لێدوان و پەیامەكانی عێراقدا هاتووە، هیوادارن كە ئەو گۆڕانكاریانە ببێتە هۆی كۆبوونەوەی لایەنی كوردستانی و عێراقی لەسەر مێزی گفتوگۆدا، دەشڵێت: "لە ڕابردوودا كێشە لە نێوان باڵەكانی یەكێتی دا هەبووە، بەڵام لە داهاتوودا ئەو كێشانە لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكدا چارەسەر دەكرێن، هەروەها پێویستە ڕێبازەكەی مام جەلالیش جێبەجێ بكەین".
باسنیوز
