ئاسۆ کەریم: هەر دانوستانێک لەگەڵ بەغدا بکرێت لە چوارچێوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمدا دەبێت

 	 ئاسۆ کەریم: هەر دانوستانێک لەگەڵ بەغدا بکرێت لە چوارچێوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمدا دەبێت
شرۆڤاکارێکی سیاسی پێی وایە، لەمەودوا ھەر دانوستانێک لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا بکرێت، لە چوارچێوەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆمدا دەبێت بۆ دۆزینەوەی ئالیەتی جیابوونەوەی ھەرێم لە عێراق و دەشڵێت، ئەو سەردەمە کۆتایی ھات، کورد دانوستان لەبارەی کێشەکانی پێش ڕیفڕاندۆم لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات.

ھەرێمی کوردستان ئامادەی دانوستانە لەگەل بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەموو دانوستانێکیش لەبارەی چۆنییەتیی جیابوونەوە دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بەرەو سەربەخۆییی کوردستان.(ئاسۆ کەریم)، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەر دانوستانێک لە دوای ڕیفڕاندۆمەوە لەگەڵ بەغدا بکرێت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا لەسەر بنەمای ئەنجامی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ڕابردوو دەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە قۆناغی ساڵانی ڕابردوو لەبارەی ھەندێ پرس دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات، کە چەندین ساڵ بوو ھەرێم خوازیاری ئەوە بوو جێبەجێ بکرێن، بەڵام عێراق ئامادە نەبوو و ئەو پرسانەی بە ھەڵواسراوی مابوونەوە جێبەجێیان بکات. لەبەر ئەوەش، پێم وایە دانوستان لەسەر جیابوونەوە دەکرێت، کە ئێمە چۆن لە عێراق جیا ببینەوە، کێشەی سنوور چۆن چارە دەکرێت، لەسەر پرسی ئاو و پرسی ئابووری چۆن بگەینە ڕێککەوتن، لە دوای جیابوونەوە ئێمە چیمان بەسەر عێراقەوە دەمێنێت، ئەوانیش چ مافێکیان ھەیە، ئەوانە دەبنە مژاری دانوستانەکان، نەک دانوستان لەسەر ھەندێ پرس بکرێن، چۆن بتوانین لە چوارچێوەی عێراقدا ھەندێک ماف بەدەست بێنین، ئەوە سەردەمێک بوو، کۆتایی ھات.''

لەبارەی دەستپێکردنی دانوستان لەسەر بنەمای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ ئەو دانوستانانە لە لایەن بەغداوە، (ئاسۆ کەریم) دەڵێت: ''من گەشبینم بە دانوستانەکان، چونکە وڵاتانی زلھێز ھاتوونەتە نێو پرسەکە و داوای چارەکردنی ئاڵۆزیی نێوانی ھەرێم و بەغدا دەکەن بە شێوەیەکی ئاشتییانە، ڕاستە عێراق مەرجی داناوە بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەڵام مەرجەکانی لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە جێگەی قبووڵکردن نین، چونکە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆم لە دەسەڵاتی کەسدا نییە و گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە بۆ جیابوونەوە، ئەگەر عێراق دەیەوێت دانوستان بکات، نابێ مەرجی پێشوەختەی ھەبێت و پێویستە لەسەر بنەمای ئەنجامی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بێت.''

kdp-
Top