فەرهاد عەونی: وڵاتانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەیانەوێ بە رێککەوتن و ئاشتیی کوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە

فەرهاد عەونی: وڵاتانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەیانەوێ بە رێککەوتن و ئاشتیی کوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە
چاودێران و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکھێنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانن بۆ قۆناغی ئێستای کوردستان و چاودێرێکی سیاسیش ئاشکرای کرد، بۆ ھەر پرسێکی گرینگ و چارەنووسساز ئەنجومەنێکی بەھێزی وەک ئەنجوومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم پێویستە و دۆزی کورد لە چوارچێوەیەکی نێوخۆیی دەرچووە و بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی، بۆیە دەبێ لایەنەکانی کوردستان بە کۆدەنگییەوە بەڕەو ڕووی بچن.

دوای ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، ھەرێمی کوردستان کەوتە قۆناغێکی دیکەی سیاسی بۆ بەدەستھێنانی مافی سەبەخۆیی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری ھەمیشەییی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستەش ھەرێمی کوردستان ئەنجومەنی باڵای سیاسی پێک ھێناوە تا بۆ قۆناغی داھاتوو ئامادەکاری بکات بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. (فەرھاد عەونی)، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: ''پێکھێنانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی ھەرێمی کوردستان پێویستە بۆ قۆناغی ئێستا، ھەروەک چۆن ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم توانی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم، بە ھەمان شێوە بۆ ھەموو پرسێک ئەنجومەنێکی سیاسیی باڵا پێویستە و ئەوەی ئێستاش پێک ھاتووە، ڕاستە گوێم لە ھەندێ لایەنی سیاسییە گازەندەیان ھەیە لەسەر چۆنییەتیی پێکھێنانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و منیش خوازیارم ھەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن، بەڵام بە خوێندنەوەی من ئەنجومەنەکە زۆر زەروورە، چونکە دوای ڕیفڕاندۆم ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زۆر تەحدیات دەبێتەوە، ھەم لەسەر ئاستی عێراق و ھەمیش لەسەر ئاستی ناوچەکە، لەبەر ئەوە دەبێ ئەنجومەنێکی وەھا گرنگ ھەبێت بۆ دانانی پلان و چۆنییەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پێشھاتانەی دوای ڕیفڕاندۆم بەرەو ھەرێمی کوردستان دێن، ھەتا گەلی کوردستان بە کۆدەنگی و یەکھەڵوێستی لەبەرامبەر ئەو پرسانەدا بوەستێت.''

(فەرھاد عەونی) ئاماژیشی دا: ''دۆزی کورد لە چوارچێوەی عێراق دەرچووە و بووەتە پرسێکی جیھانی. ئێستا گەرمترین کەیسی سیاسیی دنیا کەیسی جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستانە لە عێراق، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆژانە کۆبوونەوە و دانوستانی لەسەر دەکرێت، پێویستە ھەرێمی کوردستان وریا بێت لەوەی کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرێت، پێشبینی دەکەم لە داھاتوودا ئەنجامی ڕیفڕاندۆم لە بەرژوەندیی گەلی کوردستان بشکێتەوە و ھەر پێنج وڵاتەکەی ئەندامی ھەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایش داوای دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکەن. ئەوان دەڵێن، نابێ بە ھیچ شێوەیەک شەڕ ڕوو بدات و قبووڵیش ناکەن نە عێراق و نە وڵاتانی دیکە پەلاماری سەربازیی ھەرێمی کوردستان بدەن، ھەموو وڵاتانی زلھێزی جیھان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کێشەی ئێمە و بەغدا بە ئاشتییانە چارە بکرێت، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت کوردستان جیا ببێتەوە لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام بە ڕێککەوتن و ڕازیبوونی عێراق بێت، نەک بە شەڕ و ئاڵۆزی.''
kdp-
Top