سەرۆکی فەڕەنسا داوا لە عێراق دەکات ڕیفراندۆم نەکاتە هۆکاری گرژی لەگەڵ کوردستان
لە میانی پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کێشە سیاسییەکانی عێراق دەدەن و ڕای گەیاند: ”لە کۆبوونەوەم لەگەڵ عەبادی، باسم لەوەش کرد کە فەڕەنسا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چاکسازیی ڕاستەقینە بۆ کێشەکانی عێراق بدۆزرێتەوە و چارەسەرەکانیش گشتگیر بن و هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن، بەتایبەتی کوردانی عێراق کە دەبێ مافەکانیان پارێزراو بێ“.
ئەوەشی نەشاردەوە: ”لەبارەی ڕیفراندۆمەوە جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێت. پێش ریفراندۆم جەختمان لە یەکپارچەیی عێراق کردۆتەوە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە مانگەکانی داهاتوودا پێویستە گفتوگۆی بونیاتنەرانە ئەنجام بدرێت و لە چوارچێوەی دەستووردا مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە بدرێت کە ئەمە تاکە ڕێگەی چارەسەرە بۆ کێشەکان. عێراق ئاستەنگی زۆری دێتە پێشەوە، بەڵام دەبێ هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و مافی سەرجەم لایەنەکانیش لە چوارچێوەی عێراقدا پارێزراو بێت“.
سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ڕاشیگەیاند کە داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەکاتە هۆکاری زیاتربوونی گرژیی نێوان هەولێر و بەغدا و کاری لە پێشینە ئەوەیە گرژییەکان کەم بکرێتەوە و گفتوگۆ بکرێت، ”ئێمە ئامادەین بۆ نێوانگیریی هەردوولا، تەنانەت لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەین بۆ نێوەندگیری لە چەند مانگی داهاتوودا“.
دووپاتیشی کردەوە: ”پێویستە زیاتر مافی پێکهاتەکان لە عێراق پارێزراو بێت و مافی کریستیانەکانیش لە عێراق پارێزراو بێت و لە کۆنگرەی داهاتووی کریستیانەکانی جیهانیشدا باسی ئەم بابەتە دەکەین. نابێ کێشە و ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت“.
باسنیوز
