رۆژنامەنووسێکی نزیک لە ئاکەپە: نابێ وەک دوژمن سەیری کوردستان بکەین
ناگەهان ئاڵچی، نووسەری نزیک لە ئاکەپە، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکایەتیی ئەم حزبە دەکات، لە بەرنامەیەکی کەناڵی (خەبەر تورک) رایگەیاندووە، دژایەتیکردنی کوردستان و پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن تورکیاوە ”هەڵەیە“.
ناگەهان ئاڵچی هەروەها رایگەیاند، کە پێویست ناکا تورکیا لە سەربەخۆیی کوردستان بترسێ و هەرێمی کوردستانیش وەک دوژمنی خۆی ببینێت، چونکە پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.
ئەو ژنە رۆژنامەنووسە بە ئاماژەکردن بەوەی نابێ بەرپرسانی تورکیا هەرێمی کوردستان بە باکووری عێراق ناوبهێنن، رایگەیاندووە، ”نابێ هەمان ترسی رابردوو دووبارە بکەینەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان “بە یەکجاری لە خۆمان دوور بخەینەوە“.
بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، زۆربەی بەرپرسانی باڵای تورکیا لێدوانی توندیان بەرامبەر گەلی کوردستان داوە و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش هەڕەشەی رێگرتن لە چوونی خواردنی بۆ کوردستان کرد و رایگەیاند، “دەمرن لە برسان”.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبکژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنيوز
