نووسەرێكی عەرەب: لە كاتی كۆمەڵكوژیی كوردان كام ئیمام و رۆشنبیری عەرەب بەدەنگ هاتن؟
عومەر بۆفۆس نووسەرێكی عەرەبی مەغریبیە لە وتارێكیدا ئەمڕۆ سێشەممە لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە بەناوی (ڕێگەی كوردستان) لە ماڵپەڕی (huffpostarabi) بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی ئەو كوردانەی ئەمڕۆ داوای سەربەخۆیی دەكەن، ئەوانەن كە لە سەردەمی سەدامدا كۆمەڵكوژ دەكران، كەچی هیچ ئیمام و شێخێكی بە ویقار و رۆشنبیرەكی عەرەب بەدەنگ نەهات.
لەبارەی شەقامی عەرەبیشەوە ئاماژەی بەوە داوە كە تاكەڕاستی ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی شكستیان هێناوە لە پاراستنی یەكێتی نێوەخۆیان و بوونەتە دیلی كەسانێك، كە ناویان ناون سەركردە نەمرەكان.
بۆفۆس لەبارەی داوای سەربەخۆیی كوردستانەوە دەنووسێ "پێش ئەوەی سووكایەتی بە كورد بكەن یان جنێویان پێبدەن، پێویستە بزانن كە یەكێ لە (سەركردە نەمرەكانمان) گڕی لە كورد بەرداوە و لەنێوی بردوون، لەو ساتەی كورد لاواز بوون، بەزەیی پێدا نەهاتنەوە، لەو كاتانەی (سەركردە نەمرەكەمان) ئەوانی ڕاو دەكرد، ئێمە هەموومان بێ دەنگ بووین، ئەوە چۆن ئەمڕۆ قسە دەكەن؟".
لەبارەی عێراقەوە دەنووسێ "من لەگەڵ جیابوونەوەی كورد لە عێراق نیم، هێشتا باوەڕم بەوە ماوە وڵاتانی عەرەبی دەتوانن تەواوی رۆڵەكانیان لەخۆ بگرن، بەڵام ئێستە جیهانی عەرەبی بەتایبەتیش عێراق زۆر دوورە لە ژیانی ئازادی و مافی مرۆڤ".
دەشڵێ هێشتا كات لەبەردەم سەركردە عەرەبەكان ماوە بۆ ئەوەی مافی گەلان بدەن، چی دەبێت ئەگەر سەركردە عەرەبەكان لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە و لەسەر بنەمای دادوەری و یەكسانی مامەڵە لەگەڵ تەواوی هاووڵاتیانیان بكەن؟ ئێستە كاتی ئەوەیە بپرسین كەی زنجیرەی دابەشكاری و گەڕانەوە دواوەی وڵاتانی عەرەبی كۆتایی دێت؟ ئێستە كاتی ئەوە هاتووە بپرسین كە ئایا پێتانوایە هیچ هاووڵاتییەكی عێراقی داوای جیابوونەوە لە وڵاتەكەی بكات، ئەگەر نەیدیبێ بابوباپیرانی لەو وڵاتەدا ڕووبەڕووی زۆرداری و بێدادی و كوشتن بوونەتەوە؟
بۆفۆس نووسیویەتی كاتێ پێستی كورد هەڵدەدڕت و لێیان دەدرا و زیندانی دەكران، لە جیهانی عەرەبیدا كەس هەبوو بەرگرییان لێ بكات؟ هیچ یەك لە ئیمامەكانی موسڵمانان و شێخە بە ویقارەكان و رۆشنبیرە ئازادەكان وشەیەكی حەقی بۆ كورد كرد؟ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەسەڵاتدارانی عەرەب دەخاتە بەردەم هەڵوێستێكەوە كە لە خۆیان بپرسن چیان لە وڵاتەكانیان كردووە؟
bas news-
