بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە کارتی بەهێزی مانەوەی ناوچەکەیە بە ئارامی

 	 بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە کارتی بەهێزی مانەوەی ناوچەکەیە بە ئارامی
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە داهاتوودا پارێزەری دەوڵەتی کوردستان دەبێت و لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە هەنگاوەکان بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی نێودەوڵەتی، بەردەوامە.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پارێزگاری لەو شوێنانە دەکات، کە ئێستا بەدەستەوەیەتی و پاشەکشە لەو شوینانەش ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا چەند بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق ڕایانگەیاند، دەبێ پێشمەرگە لە چەند شوینێک بکشێتەوە، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هەر شوێنێکیان بوێت، جووڵەی تێدا دەکەن.

(سەربەست لەزگین)، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێتە پارێزەری قەوارەی سەربەخۆی کوردستان، بۆ ئەمەش لە ئێستاوە هەوڵەکان بۆ ئەوەی ئەو هێزە ببێتە نێودەوڵەتی بەردەوامە و هەنگاوەکان خێرا کراون. ئێستا هێزی نێودەوڵەتی مەشق بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن و زیاتر لە دوو لیوای پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانەوە مەشقیان پێ کراوە و تا دێت مەشق بە پێشمەرگە زیاتر دەبێت، ڕەنگە لە داهاتوودا هێزی پێشمەرگە ئەرکی زیاتریان پێ بسپێردرێت، بۆیە ئەو سنوورەی ئێستا بەدەست پێشمەرگەوەیە، سنووری خۆیەتی، خاکی کەسی داگیر نەکردووە و بەرگری لە خاکی خۆی دەکات، ئیستاش هاوبەشیی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە بۆ ئازادکردنەوەی حەویجە و ناوچەکانی دیکەش ئەو هەماهەنگییە بەردەوام دەبێت.''

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستە ڕوو: ''هاوپەیمانان بەردەوامن لە پەیوەندی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و دەمانەوێت لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییە زیاتر پەرەی پێ بدرێت، بۆ ئەمەش گفتوگۆ و قسە لەگەڵ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کراوە.''
kdp-
Top