ناسح غەفوور: بوونی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان زەروورەتێکی هەنووکەیییە
دوای ئەنجامدان و سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم، ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم خۆی ھەڵوەشاندەوە و ئەنجومەنێکی نوێ بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان_عێراق پێک ھێنرا. (ناسح غەفوور)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێکھێنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان زەرورەتێکی ھەنووکەیییە بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم تەنیا بۆ یەک ئامانج دامەزرا و توانی ئامانجەکەیشی بەدەست بێنێت، ئەویش ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەرخستنی پڕۆسەکە بوو، بەڵام دوای ڕیفڕاندۆمیش پێویستمان بە ئەنجومەنێکە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە و دانوستان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی بیانی لەسەر ئەنجامی ڕیفڕاندۆم، لە ھەمووی گرنگتر ئەنجومەن نوێنەری زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و ھەموو پێکھاتەکانی تێدایە، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا ھەرێمی کوردستان بتوانێت لە ڕێگەی ئەنجومەنێکی باڵای سیاسییەوە بەرەنگاری ھەموو مەترسی و پێشھاتەکان ببێتەوە، کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەن.''
لەبارەی کاریگەریی ئەنجومەنەکە لەسەر پەرلەمان و حکوومەت، (ناسح غەفوور) لەو باوەڕەدایە: ''ھەندێ کەس و لایەن بەھەڵە لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی گەیشتوون، چونکە ئەنجومەن نە دەسەڵاتی یاسادانانی ھەیە و نە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، تەنیا ئەنجومەنێکە لە نوێنەرانی لایەنە سیاسی و پێکھاتەکان پێک هاتووە و دامەزراوە بۆ ڕاوێژکردن لەسەر پرسە سیاسییەکان و ھیچ کاریگەریی نەرێنیی نییە لەسەر دەزگە شەرعییەکانی ھەرێم، بەپێچەوانەوە ئەنجومەن ھاوکارێکی باشە بۆ کارەکانی پەرلەمان و حکوومەت، وەک لە ڕابردوودا بەرەی کوردستان ئەنجامی دا، چونکە کەسی یەکەم و سەرەکیی نێو لایەنە سیاسییەکان لەنێو پەرلەماندا نین، ئەوەش وای کردووە زۆر جار پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بۆ ڕای حزبەکانیان، دەشکرێ ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بە یاسایی بکرێت و لە پەرلەمان بڕیاری بۆ دەربکرێت.''
kdp-
