فیدراسیۆنی پەنابەران: لە ئاستی جیهاندا بۆ پاڵپشتیی سەربەخۆییی کوردستان خۆپێشاندانی گەورە دەکرێن
لە ماوەی ڕابردوودا کوردانی تاراوگە ڕۆلی بەهێزیان هەبوو بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکەن و ڕیژەی (بەڵێ) لە دەرەوەی وڵات ٩٨% بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە گەروەترین ئاهەنگ بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی ئەڵمانیا بوو، بریارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پشتیوانیی زیاتر بۆ داواکانی مافی گەلی کوردستان لە دەرەوی وڵات بکرێت، لەوانە خۆپێشاندان و دەرکردنی بەیاننامە بۆ ئەوەی بگەیەنرێتە یەکێتیی ئەوروپا.
(دەشتی جەمال)، سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بۆ یەکەم جارە خەڵکی کوردستان چوونەتە بەردەم سندووقی دەنگدان و لە چوارچێوەی ئەو بانگەشانەی بۆ سەربەخۆییی کوردستان کرا بە ملیۆنان کەس بڕیاران بە جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق دا. لەکاتێکدا مانەوە لە عێراقدا واتە مانەوە لە ژێر دەسەڵاتی شیعەگەرایی تائیفەگەریدا، بۆیە ئێستا دەورەیەکی تازە هاتووەتە ئاراوە، ئیتر دەوری حزب و پەرلەمان تەواو بوو، دەوری حکوومەتی دوو قۆڵی و پێنج قۆڵی تەواو بوو، دەورەیەکە خەڵک چووەتە بەردەم سندووقی دەنگدان، بڕوامان وایە دەبێت ئیتر دەرگا بە ڕووی خەڵکدا بکرێتەوە، ئێستا دەورەی ئەوەیە، کە نوێنەرانی خەڵک لەناو هەیئەتێکی باڵای کوردستانیدا بن، کە سەقفێکی زەمەنی دابنرێت تا پرۆسەی دەوڵەت لە کوردستان دەبرێتە پێشەوە. دەبێ ڕێگە نەدرێت بە دروشمی ئەو حزبانەی کە دەیانگوت، ڕیفراندۆم هی حزبێکە، ئەم ڕیفراندۆمە هی (بارزانی)یە، بۆیە ئەم موزایەدانە تەواو بوون، دەرکەوت ڕیفراندۆم هی خەڵکی کوردستان بوو.''
(دەشتی جەمال) گوتێ: ''ناکرێت دەنگی خەڵک بۆ سەربەخۆییی کوردستان مساوەمەی لەسەر بکرێت، ئێمە هاوکات لەگەڵ ئەم نەخشەڕێگایە باسی کاتێک دەکەین بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، باسی نوێنەری خەڵک دەکەین لە لیژنەی باڵادا، هاوکات باسی چەکدارکردنی خەڵکیش دەکەین بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوە و کاردانەوەیەک بەرانبەر بە دوژمنانی خەڵکی کوردستان و خەڵک بەتەنیا نییە، ئێمە دەستمان بردووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆپێشاندانی گەورەمان دەبێت، لە بەریتانیا و فینلەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.''
(دەشتی جەمال) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''دەبوو هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی دوودڵ بوون لەم پرۆسەیە، یان مەرجی دیکەیان هەبوو بۆ ئەم پرۆسەیە، کە بریتی بوو لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، بە بڕوای من کەوتنە هەڵەیەکی گەورەوە، بەڵام ئیستاش نەچووە بچێت، هەموو ئەم لایەنانە دەبێ دەرگەیان بۆ بکرێتەوە و ئەوانیش بهێنرێنەوە ناو پرۆسەکە، چونکە خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و ناگەرێتەوە دواوە.''
(دەشتی جەمال) دەشڵێت: ''ڕیفراندۆم دەوری هەموو ناکۆکییەکانی تەواو کرد، کوردانی ئەورووپا هەموویان دەنگیان دایە بەڵێ، چونکە ئەو واقعەیان درک کردووە، کە خەڵکی کوردستان هەڵیبژاردووە بۆ پێکهنانی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی.''
kdp-
