توێژەرانی ئیسلامی لە کوردستان: بەیاننامەکەی ئەزهەر لەژێر کاریگەریی وڵاتانی عەرەبی نووسراوە
دوای ئەوەی جامیعەی ئەزھەر لەدژی ڕیفراندۆمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و بە هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ دابەشکردنی وڵاتانی عەرەبی وەسفی کرد، بیرمەندانی بواری ئایینی وەڵامی بەیاننامەکە دەدەنەوە و پێیان وایە ئەو بەیاننامە لەژێر کاریگەری وڵاتانی عەرەبی نووسراوە، کە ئەوان لەدژی ھەرێمی کوردستانن.
لەمبارەیەوە عومەر چنگیانی، مامۆستای ئایینی، رایگەیاند: "بەھەڵە تێگەیشتن لەڕووداوەکانی دونیا ھەمیشە بووە و دەبێت، ئەزھەر دەزگایەکی گەورەیە و لێی چاوەڕوان ناکرێت لەگەڵ ئێمەدا خراپ بێت، لێشی چاوەڕوان ناکرێت لە روانگەی حکوومەتی میسری پەیوەندی لەگەڵ کوردستان باش نەبێت".
ئەو مامۆستایەی ئایینی، پێی وایە پەیامەکەی ئەزھەر رەنگدانەوەی سیاسیی حکوومەتی میسری بێت، چونکە جامیعەی ئەزھەر بەھایەکی تایبەتی بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی دادەنێت و لەم ڕووەشەوە رەنگە ھەندێک شت دەرکەوێت. دەشڵێت: "ھەست ناکرێت بەیاننامەکە ھەڵوێست بێت، زیاتر لەوە دەچێت موراعاتی کۆمکار و وڵاتی عەرەبی بکات کە لەگەڵ جیابوونەوەی کوردستان نین".
چنگیانی، ئاماژە بەوە دەدات کە کورد لە عێراق جیا نەبووەتەوە، بەڵکو لەسەرەتادا عێراقی نەبووە تا جیاببێتەوە، "رەنگە سوننەی عێراق ئەگەر شتێکی وابکەن ئەوە جیابوونەوە بێت، بەڵام ئەوەی ئێمە گەڕانەوەیە بۆ حەقیقەتی خۆمان، ئەم گەڕانەوەیە رەنگە لای ئەوان شتێکی دیکە بێت، چونکە زۆرینەی مامۆستایانی ئەزھەر عەرەبن زۆربەیان لە میسرن".
ئەوەش دەخاتە ڕوو کە لەڕووی ئایینییەوە، کوردستان ھەرگیز شتێکی نەکردووە لەدژی ئایینی ئیسلام بێت، ئێمە ھەمیشە دەستمان گرتووە بە پەیامی ئایینەوە، خەڵکانێک لە پاڵ پەیامی ئایینی قڕی کردووین، لەناویان بردووین و ئەنفالیان کردووین، بۆیە ئەو بەیاننامە کرچ و کاڵە".
هەر لەمبارەیەوە عەرەفات کەرم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کە شارەزایە لە کاروباری ئیسلامی، رایگەیاند: "کاتی خۆی ئەزھەر بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵک کە لە ژێر زوڵم دەژیان، دروست کرا، بەڵام بەداخەوە ئیستا ئەزھەر بووەتە میکانیزمێک بۆ ئەوەی سیاسەتی چەند وڵاتێک پەیڕەو بکات کە دەیانەوێت رێگر بن لە دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلێک".
ئەو شارەزایەی کاروباری ئیسلامی، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوەندە وڵاتەی کە عەرەبین، ئوممەی ئیسلامییان پارچە پارچە کردووە، کەچی تازە دەڵێن کوردستان ئوممەی ئیسلامی پارچە پارچە دەکات.
هیواشی خواست، جامیعەی ئەزهەر ببێتە ھۆکارێک کە یارمەتی گەلە چەوساوەکان بدات، بەتایبەت کورد و ئەمازیغییەکان کە ستەملێکراون. گوتیشی: ”بەداخەوە ئەزھەر ئەم ھەڵوێستەی ھەبوو، کەواتە ھەڵوێستەکانیان ھیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو وڵاتە شۆڤێنییانە، ھیوادارم ئەزھەر لەم بەیاننامەیە پاشگەز ببێتەوە و بەیاننامەیەکی دیکە دەربکات، چونکە گەلی کوردستان موسڵمانە و زیانی بۆ کەس نەبووە".
بە دووریشی نەزانی بەیاننامەکەی ئەزهەر لەژێر فشاردا دەرکرا بێت، چونکە ئەم دەزگایە شەرعیەتی ئەوەی نییە کە پشتیوانی لە داخوازی گەلەکان نەکات و دەڵێت: "مافی خەڵک لە ھەموو رێسا و بنەماکانی ئایین ھاتووە، بۆیە ئەم ھەڵویستەی ئەزھەر مەحکوم دەکەین".
ھەر لەمبارەوە، یونس ڕاوی، توێژەری فیکری ئایینی و پارێزەری ڕاوێژکار، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی، تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "دەمێکە گوتومە ئەزھەر ناوەندێکی ئیڕھابی نائینسانیی نەخوێنەواری خوڕافییە، بەڵام کوردی داماو ھەر بە شەریفی زانیوە، ئائێستا ببین چۆن لەسایتەکەی خۆیان تەحریم و تەجریمی ئەوە دەکەن کوردستان ببێت بە دەوڵەوت و سەربەخۆ بێت، دەڵین ئەمە ھەوڵێکی نەزۆکی زایۆنیزم و ئیسرائیلی مەلعونە".
یونس راوی، جەختی لەوەش کردووەتەوە: "جوھەیلە داماوانە، نوسیویانە دەوڵەتی کوردستان خیلافی ئایەتی خوایە کە دەڵێ (واعتێموا بحبل اللە جمیعا ولا تفرقوا)، واتە خۆتان بەگوریسی خوا بگرن و پەرت مەبن، باشە دەپرسم، ئەی ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی بۆچی خیلافی ئەو ئایەتە نین خۆ ھەموویان عەرەب و موسڵمانن؟".
ئەو توێژەرە، دەشڵێت: "پاشان کوا سەردەمی پەیامبەر شتێک ھەبووە بەناوی دەوڵەت تا بزانرێت خوا حەڵاڵی کردووە یان حەڕام؟ پاشان ئێوە لەکەیەوە بونەتە نوێنەری خوا، تا بڕیار لەسەر حەڵاڵ و حەڕام بدەن؟، بۆیە کاتی ئەوەیە ئەزھەر و شوێنکەوتووانی لە کوردستانی پیرۆز، دیپۆرت بکرێنەوە بۆ سەحرای سینا و حیجاز".
دوێنێ دووشەممە، زانکۆی ئەزھەر، لە بەیاننامەیەکدا پرسی ریفراندۆمی کوردستانی بە پیلانی ئیسرائیل وەسف کرد، کە ئامانج لێی دابەشکردنی وڵاتانی ئیسلامییە.
باسنیوز
