ئەشواق جاف: پەرلەمانی عێراق متمانەی خۆی لەدەست داوە

 ئەشواق جاف: پەرلەمانی عێراق متمانەی خۆی لەدەست داوە
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕای گەیاند، بەهۆی هەڕەشەكانی عەبادی و حكوومەتەكەی پەرلەمانی عێراق متمانەی خۆی لەدەستداوە.

ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی بڕیاری ئەوە دراوە هەر پەرلەمانتارێك بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بكات، دەبێ دان بەو بڕیارانەدا بنێت كە دژ بە هەرێمی كوردستان دەركراون".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكردووە، چونكە ئێمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین هیچ كەسێك ئیدانەی سەركەوتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بکات".

ئەشواق جاف لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش كرد: "بەهۆی هەڕەشەكانی عەبادی و حكوومەتەكەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی عێراق متمانەی خۆی لەدەست داوە، چونكە پەرلەمانی عێراق پەرلەمانی هەموو پێكهاتەكانە، بەڵام ئێستا كوردی تێدا نییە كەواتە تەنیا پەرلەمانی (عەرەب)ە، بۆیە تاكوو بەغدا بە هەڵوێستەكانی خۆیدا نەچێتەوە و دان بە ڕیفراندۆم هەرێمی كوردستان نەنێت، جارێكی دیكە ناچینەوە ئەو پەرلەمانە".













باسنیوز
Top