وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری وەرنەگرتنی 100 ھەزار دیناری بەشە ناوخۆییەکان پەسەند دەکات

 وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری وەرنەگرتنی 100 ھەزار دیناری بەشە ناوخۆییەکان پەسەند دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری وەرنەگرتنی ئەو بڕە پارەیەی کە 100 ھەزار دینار بوو، پێشتر لە قوتابییانی بەشە ناوخۆییەکان وەردەگیرا، پەسەندی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 3/10/2017، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا باس لەوە کراوە، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری وەرنەگرتنی ئەو بڕە پارەیەی کە پێشتر لە قوتابییانی بەشە ناوخۆییەکان وەردەگیرا، دەرکرد.

بە پێی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە لەبەرچاوگرتنی باری دارایی قوتابییان داوا لە سەرجەم زانکۆکان دەکەین، بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 پێشینەی 100 ھەزار دیناری بەشە ناوخۆیی لە قوتابییانی نیشتەجێی بەشە ناوخۆییەکان وەرنەگرن، ئەوانەشی ئەو بڕە پارەیان بۆ ئەمساڵ لێ وەرگیراوە، بۆیان بگەڕێنرێتەوە.

پێشتر نێچیرڤان كەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، ڕایگەیاند: "توێژینەوەیەکیان لەسەر باری ئابووریی قوتابییان و خێزانەکانیان کردووە، ھەروەھا توێژینەوەکەشمان پێشکەشی ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین کرد و ڕەزامەندیی خۆیان لەسەر دەرکرد، ھەروەھا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش داوای داتا و زانیارییەکانی لێ کردین و نیمچە بەڵێنێکی پێ داین، کە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە".

بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیارێک بۆ وەرگرتنی بڕی 100 ھەزار دینار بۆ ھەر قوتابییەکی بەشە ناوخۆییەکان دەرکرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستاش بڕیارەکە ھەڵپەسێردرا.













باسنیوز
Top