سلێمانی.. کەمپینێک بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق پێک هێنرا

 سلێمانی.. کەمپینێک بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق پێک هێنرا
ئەمڕۆ لە سلێمانی نوێنەرانی چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی و ئایینی و کولتووری بە لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا کەمپینێک لەدژی بڕیارەکانی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لەدژی ڕیفراندۆمی کوردستان پێکهێنراو تێیدا ئەو بڕیارانە ئیدانە کران.



ئەو ڕێکخراوانە لە پرێس کۆنفرانسەکەدا بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد: "پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی ڕیفراندۆم، لەلایەن حکوومەتی عێراق لە ئاستی فەرمی، کەسایەتییە سیاسییەکان کاردانەوەی لێ کەوتەوە و هاوکات لێدوان و هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش لەدژی وەستانەوە".



لە ڕاگەیاندراوی ئەو ڕێکخراوانەدا هاتووە: "ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە لە کاتێکدا مافی چارەخۆنووسین یەکێکە لە بەندەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو جیهان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، وێڕای کاردانەوەی توند، هاوکات چەند بڕیارێکی نایاسایی و فشارێکی بەسەر خەڵکی کوردستان دا سەپاند کە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا و ڕوونە، چونکە هەموو بڕیارەکان لەدژی تاکە بە تاکی خەڵکی کوردستانە، لەوانە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی سنوورەکان کە ئەمە سزادانێکی سیاسییە و پێچەوانەی هەموو کولتوورێکی پێکەوەژیانە لە جیهاندا".



کەمپینەکە لە چەند خاڵێکدا ئەم داواکارییانە دەخەنە ڕوو:



- داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین سەرجەم ئەو فشار و بڕیارانەی بۆ سەر خەڵکی کوردستان بوەستێنێت و کارکردن بەو بڕیارانە ڕابگرێت کەوا دژی هەرێمی کوردستان داویەتی.



- سنوورێک بۆ لێدوانی ئاگرین و دوور لە مۆراڵ و ئەخلاقی پێکەوەژیان دابنرێت کەوا چەند کەسێک لە بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتە بەر.



- داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین دەرەنجامی ڕیفراندۆمی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و کاری لەسەر بکات و هەر وڵاتێکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نێوەندگیری دەکات، دەبێ دەرەنجامی ڕیفراندۆم بە هەند وەربگرێت.



- بەو پێیەی هەتاکوو ئیستا هەرێمی کوردستان و گەلەکەی نەبووەت هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بۆیە داوا دەکەین لێدوانی وڵاتانی دراوسێل لە بەرانبەر ڕیفراندۆم و وسیتی گەلی وکردستان نەرم بێت، ئەگەریش لەگەڵمان نین، داواکارین دژایەتیمان نەکەن، چونکە بۆ ولاتانی دراوسێ و هەموو جیهان ڕوون بووەتەوە کوردستان بەشە بێ کیشەکەی عێراق بووە.



- داوای دەستبەجێ کۆتایی پێهێنان بەو مانۆڕە سەربازییانە دەکەین کە لەلایەن سوپاکای ئێران، عێراق و تورکیا لەناو خاکی ئێران و تورکیا و نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن، بۆ ئەم بابەتەش داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەکەین ئاسایشی گەرەنتیی پاراستنی کوردستان لە دەرەنجامی ئەو مانۆڕە سەربازییانە لە ئەستۆ بگرێت.



- داوا لە هەر سێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین پاڵپشت بە بە ڕاوێژی شارەزایان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە لۆژیک وەڵامی هەموو ئەو زەخت و گوشارانەی حکوومەتی عێراق بداتەوە کە لەدژی مافە ڕەواکان و ڕیفراندۆم گرتوویانەتە بەر.





باسنیوز
Top