لە هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ درا
لە کاتێکدا ئەمساڵ وەرزی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات کە هەفتەی ڕابردوو لە کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە چوو و بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای دەکەن ئەمساڵ بە هیوا و وزەیەکی نوێوە لە بەرەبەری سەربەخۆیی کوردستاندا پرۆسەی خوێندن دەست پێ دەکەن.
لە شاری هەولێر جیاواز لە ساڵانی پێشوو، ناوی یەکێک لە خوێندنەگەکان گۆڕدراوە بۆ سەربەخۆیی و لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان و قوتابیان، ئەمڕۆ زەنگی دەسپێکی ساڵی خوێندن بە فەرمی لێ دەدرێت.
هاوکات لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەش ئەمڕۆ زەنگی دەسپێکی پرۆسەی خوێندن لێ درا و جیاواز لە ساڵی ڕابردوو کەلە هەندێ سوێن بۆ ماوەی چەند مانگ بەهۆی مانگرتنی مامۆستایانەوە پرۆسەی خوێندن دوا خرا، ئەمساڵ لەژێر کاریگەریی دۆخی سیاسی و سەرکەوتنی ڕیفراندۆم مامۆستا و قوتابیان بە هیوا و ئاواتەوە وەرزی خوێندنیان دەست پێ کردووە.
گرووپێک لە مامۆستایان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای باشترکردنی بژیوی مامۆستایان و پێداچوونەوە بە پاشکەوتی مووچەی مامۆستایانیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکەی وەک "تورکمان، سریانی، عەرەب و مەسیحی" لە چوارچێوەی سیستەمی پەروەردە مافی ئەوەیان هەیە بە زمان و ئەدەبی خۆیان بخوێنن.
باسنيوز
