کۆیە.. ڕووپێوی ناوچە شوێنەوارییەکان دەکرێت

کۆیە.. ڕووپێوی ناوچە شوێنەوارییەکان دەکرێت


بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کۆیە بە ھاوکاری زانکۆیەکی نەمسایی، کاری ڕووپێوکردن و تۆمارکردنی ناوچە شوێنەوارییەکانی سنووری شاری کۆیە و دەوروبەری دەکات.



ھێمن نەعمان، ئەندامی تیمی رووپێوی لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کۆیە، ڕاگەیاند: "ماوەیەکە بەھاوکاریی زانکۆی (ئینسبروک)ی نەمسایی، سەرقاڵی ڕووپێوکردن و تۆمارکردنی ناوچە شوێنەوارییەکانی سنووری کۆیە و دەوروبەرین".



ئەو ئەندامەی تیمی رووپێوی، ئەوەشی خستە روو: "لەو کارەماندا توانیومانە ژمارەیەکی زۆر ناوچەی شوینەواری کە پیشتر تۆمار نەکرابوون لەم پرۆسەیدا تۆمار بکەین و لەمیانی کارکردنیشماندا پاشماوە و چەندین ئاسەواری کۆنمان کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی جیاجیا دەگەڕێتەوە دۆزیوەتەوە".



ئاشکراشی کرد: "لەو کارەدا ناوچە تۆمارکراوەکانی پێشوتریش کە تۆمار کرابوون، دووبارە تۆمار دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر نەخشەیەک کە شوێن و سەردەم و تایبەتمەندێتیان تێدا دەنووسرێت".



ئەو بەرپرسەی شوێنەواری کۆیە، گوتشی: "تائێستا ١١٢ شوێنەوار لە سنووری کۆیە تۆمار کراون و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی کارەکەکەمان کە ماوەی ٥ ساڵە، تەواوی ناوچە شوێنەوارییەکان تۆمار بکەین کە نزیکەی ٢٠٠ ناوچە دەبێت".
bas news-
Top